وتەبێژی حكومەت: بۆ دەستبەركردنی مافەكانی هەرێم دەچینە بەغدا

کوردستان

27/11/2022‌ 3568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات‌و وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت:"لەگەڵ وەزارەتی داراییدا كۆدەبینەوە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق‌و بۆ دەستبەركردنی مافەكانی هەرێم دەچینە بەغدا".


جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەكەین بۆ دەستبەركردنی مافەكانی هەرێم وەك ئەوەی لەدەستوردا هاتوە، كوبونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەكرێت ئەمڕۆ، بۆئەوەی ئامادەكاریی بكرێت بۆ نوسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق".
 
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دوه‌می 2022، جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، شاندی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرایكرد، شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن‌و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حكومه‌تی هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستور، دۆسیەی مادەی 140، دۆسیەی نەوت‌و گاز، بەشداریی شایستەی هەرێم لەدامەزراوە فیدراڵییەکان، بابەتی ماف‌و شایستە دەستورییەکانی پێشمەرگەو بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژەیاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی‌و نەوت‌و گاز) سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.

شاندەکەی حكومه‌تی هه‌رێم لەئاوات شێخ جه‌ناب وەزیری دارایی، كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، دارا ڕه‌شید وەزیری پلاندانان، ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج ڕه‌حیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون‌و جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم پێکدێت.

ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی عێراق دوای پێكهێنانی له‌لایه‌ن محه‌ممه‌د شیاع سودانی هەروەها یەكەم كۆبونەوەیە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق كە پشكی هەرێمی تێدا دیاریدەكرێت.

س.س