شارپرێس:
بەبڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا 11 خوێندکارى کۆلێژى پزیشکى لەزانکۆیەکى ئەهلییەوە دەگوازرێنەوە بۆ زانکۆى سلێمانى، ئەوەش ناڕەزایەتى لێدەکەوێتەوەو خوێندكارانى ئهو بهشه لهزانكۆى سلێمانى ئهوكاره بەکارێکى نایاسایى ناودەبەن.
ڕەهێڵ ئەحمەد هەمەوەندى نوێنەرى گشتى کۆلێژى پزیشکى لهزانكۆى سلێمانى ئاماژه بهوهدهكات، "بەبڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا، 11 خوێندکار لەزانکۆى کوردستانەوە، لەبەشى پزیشکى زانکۆکەوە گواستراونەتەوە هەمان بەش لەزانکۆى سلێمانى، لەسەر ئەو پرسە، خوێندکارانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆى سلێمانى گردبونەوەیان ئەنجامداو ئەمە بەکارێکى نایاسایى ناودەبەن".
دهشڵێت:"ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتنى خوێندکاران کە نوێنەرى وەزیرە بۆ ئەم پرسە ئەنجامدا، ئەوان سورن لەسەر فەرمانەکەو پێیان وتین، ئێستاش قسەى وەزارەت ئەوەیە کە بابەتەکە یاساییەو ئەو 11 خوێندکارە دەگوازرێنەوە بۆ زانکۆى سلێمانى، بەڵام ساڵانى داهاتوو نایەن، ئێمه دهڵێین پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ساڵانى داهاتوو نایەن، بۆ ئێستا ئهمه هەڵناوەشێتەوە؟".
باس لهوهشدهكرێت، ئەنجومەنى کۆلێژو ئەو لیژنەیەى خوێندکاران وەردەگرێت، پێشتر دوجار گواستنەوەى ئەو 11 خوێندکارەیان ڕەتکردۆتەوە، بەڵام هەردوجارەکە بەفەرمانى وەزیرى خوێندنى باڵا هەڵوەشاوەتەوەو بڕیارى گواستنەوەیان بۆکراوە.
زانکۆى کوردستان زانکۆیەکى ناحکومییەو سەر بەئەنجومەنى وەزیرانە نەک خوێندنى باڵا، پێش چەند ساڵێک کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لەو زانکۆیە، ناڕەزایەتى خوێندکارانى کۆلێژى پزیشکى زانکۆ حکومییەکانى لێکەوتەوە، چونکە لەو کۆلێژە ئەهلییە خوێندکاران دەتوانن بەنمرەى کەمتر بخوێنن.
میدیاى گۆڕان بڵاویكردۆتهوه، ئەو خوێندکارانەى لەو زانکۆ ئەهلییەوە دەگوازرێنەوە بۆ زانکۆى سلێمانى، کۆنمرەیان لەنێوان (91 بۆ 93)یە، بەڵام لەماوەى حەوت ساڵى ڕابردودا لەکۆلێژى پزیشکى زانکۆى سلێمانى کەمترین کۆنمرەى وەرگیراو (97) بوە.
نوێنەرى خوێندکارانى ناڕازیی هۆشداریداوه لهوهى، ئەگەر وەڵامیان نەدرێتەوە خۆپیشاندان دەستپێدەکەن.
شارپرێس ئهوهى زانیوه، ئەو خوێندكارانە بەپارەیەكی زۆرو نمرەیەكی كەم لەزانكۆی كوردستان وەرگیراون، بەڵام بەگواستنەوەیان بۆ زانكۆی سلێمانی هیچ بڕەپارەیەكی ساڵانە نادەنو بەنمرەیەكی كەمەوە دەچنە تەنیشت ئەو خوێندكارانەی كە ساڵانی ڕابردوو بەكۆنمرەی 99 بەرەو سەرەوە ئەو بەشە وەریگرتون.
ش.هـ