پێش كۆتایی ساڵ موچه‌یه‌كى تر به‌فه‌رمانبه‌ران ده‌درێت؟

کوردستان

15/12/2022‌ 9489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌نجامى به‌دواداچونێكى ئاشكراده‌كات له‌باره‌ى ئه‌و 400 ملیاره‌ى به‌غدا به‌نیازه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بكات، ده‌ڵێت:"بەنیوەی ئەو پارەیه‌ى لەبەغداوە دێت دەتواندرێت پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 12 بدرێت، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت،"172 ملیار بۆ زۆنی سلێمانیەو 228 ملیاریش بۆ زۆنی هەولێر".


ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان باس له‌وه‌ده‌كات، "پرسیارمان کرد، ئەو پارەیه‌ى بەغدا ناردویەتی بەناوی تەواوکاری موچەیە بۆ مانگه‌كانى (11و 12) له‌و پاره‌یه‌ش 172 ملیار دیناری بۆ زۆنی سلێمانیەو 228 ملیاریشى بۆ زۆنی هەولێرو دهۆکە، موچەی مانگی 11ش بەبێ بەغدا ئامادەیە".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ده‌ڵێت:"بۆ مانگی 12، داهاتی نەوت لە25ی مانگەوە دەگەڕێتەوە، دەتواندرێت بە200 ملیاری بەغداوە پێش سەری ساڵ موچەی مانگی 12 بدرێت، 200 ملیار دیناریش دەمێنێتەوە".

به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "بۆ مانگی 1ی 2023ش دەتواندرێت موچە ڕێکبکرێتەوەو لەکاتی خۆیدا بدرێت".

وه‌كو ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى پێكردوه‌، ئه‌گه‌ر لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێت، مانگانە پشکی هەرێم نزیکەی یەک ترلیۆن‌و 300 ملیار دینار دەبێت، بەو داهاتانەی ناوخۆوە کە ناگەڕێتەوە، داهاتی مانگانە دەگاتە یەک ترلیۆن‌و 500 ملیار کە 900 ملیاری بۆ موچەیەو 600 ملیاریشى بۆ پڕۆژەو خەرجی‌و بوارەکانی دیکە دەمێنێتەوە، بۆیە بژاردەی دروست ڕێککەوتنە لەگەڵ عێراق".

ئێواره‌ى 13ى ئه‌م مانگه‌ شارپرێس نوسراوێكى ده‌ستنوسه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تێیدا بڕیارێكى له‌به‌رژه‌وه‌ندى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركردو بڕیاریدا 400 ملیار دینار بۆ دوو مانگى ئه‌مساڵ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم بكات.

ش.هـ