به‌شه‌خۆراكى ژماره‌یه‌ك له‌موچه‌خۆران ده‌بڕدرێت

کوردستان

22/02/2023‌ 8342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كلیك بكه‌و له‌تێلیگرام شارپرێس جۆین بكه‌

بەرپرسێكی باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، گۆڕانكاریی لەچۆنێتی بڕینی بەشەخۆراكی ژماره‌یه‌ك لەموچەخۆران كراوە، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌رچى بڕیاره‌كه‌ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام هێشتا نوسراوی فەرمیمان به‌ده‌ستنه‌گه‌یشتوه‌".


نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "بڕینی بەشەخۆراكی موچەبەرزەكان، پێشتر ئەوانەی دەگرتەوە كە موچەیان ملیۆنێك‌و 500 هەزار دینار بوو، ئێستا بڕیارەكە گۆڕاوەو بۆتە دوو ملیۆن دینار، بەڵام هێشتا نوسراوی فەرمی نەهاتوە، بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "هەر بڕیارێكی تازە لەوەزارەتی بازرگانیی عێراقه‌وه‌ بۆمان ڕه‌وانه‌ بكرێت ئێمه‌ جێبەجێی دەكەین، ئەوكەسانەی بەشەخۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت، پسوڵەی خۆراكیان هەر دەمێنێتەوە، بەڵام بەشەخۆراكیان ڕادەگیرێت، زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە، كە پلە تایبەتن‌و بارودۆخیان باشە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر کەمال موسلیم وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو، "ئەوکەسانەی موچەکانیان بەرزە، یان بازرگانن، بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت‌و نوسراومان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردوە، بۆ ئەوەی لیستی ناوەکانیان بۆمان بنێرن، هەرکاتیش لیستی ناوەکانیان بگاته‌ ئێمه‌، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەوکەسانە جێبەجێدەکەین".

پێشتریش حكومه‌تی عێراق بڕیاریدابوو، هه‌ركه‌سێك له‌عێراق به‌هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، موچه‌ى مانگانه‌ ملیۆنێك‌و 500 هه‌زار دینار بێت، بەشەخۆراكی مانگانەیان لەلایەن دەبڕدرا.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، لەپارێزگای دهۆك‌و هەولێرو سلێمانی، زیاتر لەدوو هەزار خێزان بەشە خۆراكیان بڕدراوە، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ لەبەغدا دەوامدەكەن‌و موچەكانیان لەسەر بەغدایە، بەڵام خەڵكی هەرێمی كوردستانن، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ بەشە خۆراكیان بۆ دەگەڕێتەوە، بەو مەرجەی، خۆیان سەردانی فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك بكەن.

ش.هـ