هه‌واڵێكى گرنگ له‌باره‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا

کوردستان

27/02/2023‌ 4233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كلیك بكه‌و له‌تێلیگرام شارپرێس جۆین بكه‌

دەوڵەتی یاسا ئاشكرایده‌كات، هەولێرو بەغدا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە نزیکن لەڕێککەوتن، په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ش ده‌ڵێت:"بۆ سفرکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان نزیکن".


هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی ڕایگەیاند، هەردوو حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم لەگەیشتن بەنەخشەڕێگه‌یەکی هەمەلایەنە بۆ سفرکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان نزیکن‌و لەبارەی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەش سازانێکی پەڕلەمانیی هەیە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئەحمەد وەتیفی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد، سازان‌و ڕێککەوتن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە لەدوایین قۆناغەکانیدایەو گەشبینن بەوەی کوتلە سیاسییەکان لەناو په‌رله‌ماندا بگەنە ڕێککەوتنێک بتوانرێت جێبەجێبکرێت‌و لەکاتی دەنگداندا ئاستەنگی بۆ دروستنەکرێت.

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردوە، ئاماژەو لەیەکگەیشتنی ئەرێنی هەیە بۆئەوەی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغداو هەولێر چارەسەربکرێن، لەوچوارچێوەیەشدا دانوستانەکان کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی لەبارەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەنێوان هەردولادا دروستکردوە.

پێشتریش چیای تەیمور پەرلەمانتاری پارتی لەپه‌رله‌مانى عێراق بەمیدیا عێراقییەکانی وتبوو، لەکۆبونەوەو دانوستانەکانی ئەمدواییەی نێوان شاندی هەرێم‌و شاندی حکومەتی ناوەندی، لەبارەی یاسای نەوت‌و غازو پشکی هەرێم لەبودجەو کۆتاییهێنان بەناکۆکییەکان نیمچە ڕێککەوتنێک کراوە.

شه‌وى ڕابردوش ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم ئاشكرایكرد، وەک وه‌فدى حکومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونه‌ته‌وه‌و دواى گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، گەیشتونه‌ته‌ ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەى 2023.

دوابه‌دواى ئه‌و زانیاریانه‌ش، وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمیش ڕایگه‌یاند، وه‌فده‌كه‌ى هەرێم كه‌ ئاوات شێخ جەناب دارایی سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ سودانی، هەریەک لەد.فوئاد حسێن‌و محەمەد تەمیم جێگرانی سەرۆک وەزیران‌و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت‌و تەیف سامی وەزیری دارایی‌و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئامادەیبونه‌، سه‌باره‌ت به‌پشکی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا گەیشتونه‌ته‌ ڕێکەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەری کێشەکان.