تا كۆتایی ئەم مانگە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 دەگاتە پەرلەمان

کوردستان

16/02/2024‌ 329 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لەگەڵ نزیكبوونەوە لە موچەی مانگی 2 ی ساڵی 2024ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق داوای، لیستی خەرجی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات. بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن، حكومەتی عێراق" مەرجی نوێی هەیە" بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند " وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق پێی وایە ژمارەی موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 700 هەزار فەرمانبەرە، نەك ملیۆن بۆ ملیۆنێك و100، دەڵێن دەبێت دووبارە لیستی موچە خۆران ڕێكبخرێتەوە، ئەم داواكاریانەش زیاتر خۆی لە پێگەی هێزەوە دەبینێت و بەم جۆرەش بەربەست لەبەردەم موچەی هاووڵاتیانی هەرێم دروست دەكرێت و زیاتر مەرجەكان دەچنە بواری بیانوگرتنەوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، " ئەگەر بەم وردەكاریانە بچنە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر گرفتەكان دەبینن، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێم، لەسەر ئەو هەموو مەرجانە بێدەنگ نەبن، چونكە تا هەمواری بودجە دوابكەوێت مەرجی نوێ ئاڕاستەی هەرێم دەكرێن" .

د. نەرمین مەعروف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، " مەرجەكان نوێنین، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردو وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە ، بۆ بەردەوامی موچە پێویستە داتاو زانیاری موچەخۆران وپلەكانیان و خانەنشینان بدرێنە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ، مانگی ڕابردوش ئەو 618 ملیار دینار بەو هۆكارە دراوەتە هەرێمی كوردستان ، تا هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 ".

نەرمین مەعروف دەشڵێت، " پرۆسەی وردبینی لەناوی موچە خۆرانی هەرێم بەردەوامە و وردبینی نزیكەی 300 هەزاركەس تەواوبووە. چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە هەمواری بودجەی ساڵی 2024 بگاتە پەرلەمان و تاكۆتایی مانگی 3 بخایەنێت، بەرەوپێشچوونی باش هەیە لە نێوان هەردوو حكومەتدا بۆ چارەسەر كردنی كێشە دارییەكان".