سوید داعشیه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌كوردستان وه‌رناگرێته‌وه‌

کوردستان

14/03/2024‌ 318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی سوید ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەنییە ئافرەت‌و هەرزەکارو منداڵانی چەکدارانی داعش‌و توندڕەوەکان لەکەمپ‌و زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) وەربگرێتەوەو بیانگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.


تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید بەئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی ڕاگەیاندوە، حکومەتی سوید ئامادەنییە کار بۆ گەڕاندنەوەو وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتییە سویدیی‌و ئەوکەسانەش بکات، کە پەیوەندییان بەسویدەوە هەیەو لەکەمپەکان یان زیندانەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا داڵدەدراون یان زیندانیکراون.

بەوتەی بیلسترۆم، ئەو سویدییانەی تائێستا لەکەمپی هۆل لەڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەرن، چەندینجار دەرفەتی جێهێشتن کەمپەکەو گەڕانەوەیان بۆ سوید پێدراوە، بەڵام ڕەتیانکردوەتەوە، هەربۆیە حکومەتی سوید هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایی لەئەستۆنییە بۆ گەڕاندنەوەو گواستنەوەی ئەوکەسانە، جا لەهەر توێژێکی ئافرەتان، منداڵان یان پیاوان بن.

تۆبیاس بیلسترۆم ڕاشیگەیاندوە، کاریگەرییەکانی ئەوکەسانە لەسەر ئاسایشی سوید هۆکارە لەنەگەڕاندنەوەیان، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە لەدوای گەڕاندنەوەیان نەبنە هەڕەشە لەسەر ئاسایش‌و سەقامگیریی وڵات.

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 43 هەزار کەس لەکەمپی هۆل کە جگە لەخەڵکی سوریاو عێراق، هاوڵاتیی 45 وڵاتی دیکەشی هەن‌و لەڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستبەسەرکراون، لەنێویشیاندا ئافرەتێک‌و پێنج منداڵی سویدی هەن، هەروەها 10 پیاوی هەڵگری ناسنامەی سویدیش، کە چەکداری داعش بون لەزیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەن.