له‌ 10ساڵدا 589 كۆڵبه‌ر كوژراون

کوردستان

17/03/2024‌ 4552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئامارى ڕێكخراوه‌كانى تایبه‌ت به‌مافه‌كانى مرۆڤ، له‌ماوه‌ى 10 ساڵى ڕابردودا، به‌ته‌قه‌ى هێزه‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێران، 589 كۆڵبه‌ر كوژراون.


له‌ئاماره‌كاندا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "تەنها لەماوەی هەفتەی ڕابردودا نزیکەی 20 کۆڵبەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی سوپای پاسداران بەشێکیان گیانیان لەدەستداوەو ئەوانی دیکەش برینداربون".

له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕێکخراوی هەنگاو نوسیویه‌تى:"تەنها لەسێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 41 کۆڵبەرو کاسبکار لەناوچە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشوری کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستداوەو 292ی دیکە بریندارکراون".

هاوكات ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (کوردپا) ئامارێکی بڵاوكردۆته‌وه‌و جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، ساڵی 2023 ساڵێکی خوێناوی بوه‌ بۆ کۆڵبەران، چونكه‌ زیاتر لە341 کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران کوژران‌و بریندارکراون کە 22یان  تەمەنیان خواروی 18 ساڵان بوە.

کوردپا ئاشكراشیكردوه‌، لەماوەی 12 ساڵی ڕابردودا لانیکەم 589 کۆڵبەر کوژراون‌و هەزارو 617 کۆڵبەری دیکەش بریندارکراون.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، 87%ی کۆڵبەران بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستداوە یان بریندارکراون، هەروەها سەدا چواری کۆڵبەران لەئەنجامی لێدان‌و توندوتیژی هێزەکانی ئەو هێزانە بریندارکراون.

ناوچە سنورییەکانی بانە لەپارێزگای سنە بە 49% زۆرترین قوربانیانی کۆڵبەریی لەخۆدەگرێت، ناوچە سنورییەکانی نەوسود لەپارێزگای کرماشان بە32% لەقوربانییانی کۆڵبەری، پلەی دوەمی گرتوە.

قوباد کەرەمپور ئەندامی ئەنجومەنی باڵای پارێزگاکان بەئاژانسی هەواڵی کاری "ئیلنا"ی وتوه‌، "زیاتر لە50%ی کۆڵبەران بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان ماستەریان هەیە، کۆڵبەرێک کە بڕوانامەی ماستەری لەبیرکاریدا هەبوە بەهۆی هەڵگرتنی تەلەفزیۆنێکەوە کوژراوە".