وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: حکومەتی هەرێم ڕێگە نادات کامپی ئاوارەکان دابخرێن

کوردستان

21/03/2024‌ 289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئیڤان جابرۆ رایگەیاندووە، کە ئاستەنگی گەورەیان لەبەردەمدایە بۆ گێرانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حالی خۆیان و داخستنی کامپەکان لە هەرێمی کوردستان، بەوپێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت کامپی ئاوەرەکان دابخرێن، روونیشی کردۆتەوە کە زۆرینەی دۆسیەی کۆچبەران ئاڵنگاریی و دەستتێوەردانی سیاسیی تێدایە.

جابرۆ کەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە: باسکردنیان لە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەدڵی هەندێک لایەن نییە، بەوپێیەی ئەو کامپانە لەڕووی دارایی و سیاسییەوە لەلایەن پارتی دیوکراتی کوردستانەوە ئیستیغلال دەکرێت، هەربۆیە لەڕووی سیاسییەوە ڕووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە و لەڕێگای دەزگاکانی راگەیاندنیشەوە تۆمەت و چەواشەکاریی ئاڕاستەی کاری وەزرەتەکەیان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 24 کامپیان هەیە، کە بۆ ئیدارەدانیان پێویستیان بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەوپێیەی ئەو کامپانە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستانن و  بێ رەزامەندی یاسایی حکومەتی هەرێم ناتوانن بچنە ناو ئەو کامپانەوە.

بەوتەی ئەو، ئاوارەکانیان سەرپشک کردووە لەوەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە ئەسڵییەکانی خۆیان یاخود ناوچەیەکی تر دیاری بکەن کە حەز دەکەن تێیدا نیشتەجێ ببن، باسی لەوەشکردووە کە ئێزیدییەکان زۆرینەی کامپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.

پێشتریش وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) رایگەیاندبوو کە سەرجەم ناوچەکانی عێراق لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرن و هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامی مانەوەی ئەو کامپانە نییە، جەختیشی کردبۆوە کە ئەگەر هاوکارییان بکرێت ئەوە دەتوانن لەماوەی مانگێکدا سەرجەم کامپەکان لە عێراقدا دابخەن.