حاکم قادر: وەک یەکێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە هۆکارێکی پاراستنی قەوارەی هەرێم دەزانین

کوردستان

23/03/2024‌ 365 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس


ئەندامێکى پێشوى مەکتەبی سیاسی یەکێتى ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی بڕیارلێدراویدا بەڕێوەبچێت و تێبینی و سەرنجەکانیش بەپێی یاسا و بە ڕێککەوتن چارەسەر بکرێت و دەشڵێت: وەک یەکێتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە هۆکارێکی پاراستنی قەوارەی هەرێم دەزانین.

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامى پێشوى مەکتەبی سیاسی یەکێتى ڕایگەیاند، وەك یەكێتی پێمانوایە سەرەڕایی ئەوەی ھەڵبژاردن یەكێكە لە بنەماكانی دیموكراسی، ھۆكاریشە بۆ زامنكردن و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی كوردستان، بەمەرجێك ھەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت و دووربێت لە ھەموو جۆرە دەستێوەردانێك.

هەروەها وتیشى: دامەزراوەكانی ھەرێم شەرعیەت وەردەگرنەوە و دوردەبن لە بۆشایی یاسایی و كارگێری، بۆیە پێویستە ئەو وادەیەی دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت و سەرجەم لایەنەكان بگەنە ڕێكکەوتن تا ڕەخنە و سەرنج و تێبینیەكان بڕەوێنرێتەوە.

حاکم قادر جەخت لە یەکڕیزی و یەکگرتووی لایەنە سیاسییەکان و گەلی كوردستان دەکاتەوە و دەڵێت: قۆناغەكە وا دەخوازێت سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان و گەلی كوردستان یەكگرتو و یەكریزبن تا زامنی سەركەوتنمان بكەین دژ بە ھەموو پیلانێكی دوژمنكارانە كە دژی نەتەوەكەمان ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا پێویستە ململانێكان وەلابنێن و خۆیان بەدووربگرن لە ھەموو جۆرە تەخوێنێك لە سوشیاڵمیدیا و تیڤییەكان و لەبری ئەوە پێویستە بە زوترین كات كۆببنەوە و بگەنە ڕێكەوتن لەسەر پاكێجێكی ھاوبەشی نیشتیمانی و ستراتیژی.