باران بارینى به‌هێز ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

کوردستان

24/03/2024‌ 454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێم، هۆشدارییەكی لەبارەی كەشوهەواوە بۆ هاوڵاتییان بڵاوكردەوەو ئاشكرایده‌كات، له‌دره‌نگانى ئه‌مشه‌وه‌وه‌ بارانبارینى به‌لێزمه‌و هه‌وره‌ تریشقه‌شى له‌گه‌ڵ ده‌بێت.


بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، هۆشدارییەكی لەبارەی كەشوهەوا بڵاوكردەوە، تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، لەئەنجامى کاریگەریى دوو نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى سورو کەنداوى عەرەب، لەدواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌وە بارانبارین ڕوو لەناوچە جیاجیاکانى هەرێمی كوردستان دەکات، سەرەتا شەپۆلەكه‌ لەباشورى هەرێم دەستپێدەکات، بەتایبەت لەكاتەكانی درەنگانی شەودا لەئیدارەى گەرمیان زۆرترین باران دەبارێت، بڕى بارانبارینى پێشبینیکراو بۆ ئیدارەى گەرمیان لەنێوان 35 بۆ 45 ملم دەبێت، هەندێكکاتیش هەورەتریشقەو لێزمەباران دەبێت‌و ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "کاریگەریى ئەم شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر بەشێک لەسنورى پارێزگاى سلێمانى‌و هەڵەبجەو ئیدارەى ڕاپەڕین، بڕى باران بارینى پێشبینیکراو لەم شوێنانە لەنێوان 20 بۆ 25 ملم دەبێت".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى پێشبینیه‌كه‌دا هاتوه‌، "ئەو بارانبارینه‌ی ڕوو لەسنوری پارێزگای هەولێرو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران‌و ناوچە شاخاوییەكانیش دەكات، بڕی بارانی پێشبینیکراو لەسەنتەرى هەولێر 10 بۆ 15 ملم دەبێت، لەئیدارەى سەربەخۆى سۆران‌و ناوچە شاخاوییەکانیش لەسەروى 20 ملم دەبێت، لەسنورى پارێزگاى دهۆک‌و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ کاریگەریى ئەم شەپۆلە بارانبارینە لاواز دەبێت، بڕى بارانبارینى پێشبینیکراو لەم شوێنانە لەنێوان 7 بۆ 12 ملم دەبێت".

بەشی پێشبینیی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن هۆشداریی ئەوەشیداوە، لەگەڵ بارانبارین، لەشەودا بارستەهەوایەکى سارد ڕوو لەناوچەکەمان دەکات، بەفر لەناوچە شاخاوییە سنورییەکان دەبارێت، ئەگەرى تەرزەبارینیش لەگەڵ ئەم شەپۆلە بارانبارینە هەیە، لەدواى نیوەڕۆى ڕۆژى دوشەممە کاریگەریى ئەم شەپۆلە کۆتایى دێت

بەپەلە