گۆڕان: دەبێت دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت

کوردستان

24/03/2024‌ 579 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 
شاندێكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ، بە مەبەستی گەیاندنی پەیام و ناڕەزایی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان یان كرد‌و لەلایەن عومەر سەید عەلی و باژێروانی سلێمانی و ژوری حكومەت پێشوازییان لێكرا.

بە گوێرەی میدیای بزووتنەوەكە، پرسی دابەشنەكردنی موچە و ڕەتكردنەوەی هەژماری من و پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەلایەن شاندەكەوە خرایەڕو، هەروەك باسیان لە خراپی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم كرد، كە چەندین ساڵە درێژەی هەیە، داواشیان لە بزوتنەوەی گۆڕان كرد، وەك لایەنێكی بەشدار لە حكومەت، پشتیوان بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، بە ئامانجی دەستەبەركردنی موچە و شایستە داراییەكانی موچەخۆران مانگانە و لەكاتی خۆیدا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی.

لای خۆیەوە، عومەر سەید عەلی، جەختی كردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، كە چیتر دابەشكردنی موچە دوانەخرێت و بەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدایە دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

 سەبارەت بە میكانیزمەكانی بەبانكیكردنی موچە و هەژماری من جەختی كردەوە، كە پێویستە میكانیزمەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی موچە، نەكرێنە لەمپەر لەبەردەم دابەشكردنی موچە و بارگرانی زیاتری ژیانی خەڵك و موچەخۆران.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، عومەر سەید عەلی، ڕایگەیاند، پشتیوانیی خواستەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانن و هەر جۆرە ڕێكار و فشاری مەدەنین بۆ جێبەجێكردنی داخوازیە ڕەواكانیان.