ئەندامێکى لیژنەى دارایی وادەى دابەشکردنى موچە ئاشکرا دەکات

کوردستان

25/03/2024‌ 2717 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

ئەندامێکى لیژنەى دارایی عێراق ئاشکراى دەکات، کە لەم ڕۆژانەدا تەواوى موچەى موچەخۆرانى هەرێم لەلایەن بەغداوە دەنێردرێت و چاوەڕێوان دەکریت لەم هەفتەیەدا دەستبەدابەشکردنى موچە بکرێت.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دواى ئەوەى شەوى ڕابردوو لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبونەوە وتى: لە کۆبونەوەکەدا سودانى وتى: "لەگەڵ حکومەتى هەرێم رێککەوتوین کێشەى موچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێم چارەسەر بکەین"، لەبرى زانیارى کۆدەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی و لە ڕۆژانى داهاتوودا موچەکانیان ەنێردرێت.

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق وتیشى: دواى ئەوەى بڕى پارەى پێویستى هێزە ئەمنییەکان دەنێردرێت لەم ڕۆژانەدا، چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەیەدا موچەى مانگى دوو دابەشبکرێت.

لەبارەى موچەى مانگى سێوە ئاماژەى بەوەکرد، سودانى وتویەتى "تا پرۆسەى تەوتینى موچەخۆرانى هەرێم تەواودەبێت ناردنى موچە بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت"، بۆ ناردنى موچەى مانگى سێیش دەبێت موچەى مانگى دوو دابەشبکرێت و دواتر داواى موچەى مانگى سێ بکرێت.

زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە موچەخۆرانى هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە، دابەشنەکردنى موچە بایکۆتى فەرمانبەرانى بەشێک لە دامودەزگاکانى سنورى سلێمانى بەدواى خۆیدا هێناوە.