له‌وڵاتێكى ئه‌وروپا هێرشكردنه‌سه‌ر كوردان ده‌ستى پێكرد

کوردستان

27/03/2024‌ 9046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاشكرایكردوه‌، "له‌به‌لژیكا هێرشێكى چڕو دژوار كراوه‌ته‌سه‌ر چەند خێزان‌و گەنجێکی کورد لەلایەن تورکە نەژادپەرستەکانەوە ته‌نها بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوه‌".


کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەڕاگەیەندراوێكدا نوسیویه‌تى، "ڕۆژى 25ى ئه‌م مانگه‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نج‌و خێزانى كورد بەئاڵای کوردستان‌و جلوبەرگی کوردیەوە بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لەسەر شەقامەکانی (لۆڤن) خۆپێشاندانیان کرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن تورکە نەژادپەرستەکانه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌سه‌رو لەو هێرشەدا پەنجەرەی چه‌ند ماڵێكى كوردیان شكاندوه‌".



به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى ناو ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌، ئه‌و ماڵانه‌ى له‌لایه‌ن توركه‌كانه‌وه‌ له‌شارى لۆڤن هێرشیانكراوه‌ته‌سه‌ر له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پارێزراون، دواى ئه‌وشاره‌، هێرشه‌كان بۆسه‌ر كوردان له‌شاره‌كانى (هاسل‌و برۆکسل) ده‌ستى پێكردوه‌و چەند ڕۆژێکە هێرشەکانی ئەو گروپە نەژادپەرستانە بەردەوامن‌و به‌هۆیانه‌وه‌ دوو ئەندامی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لەبرۆکسل برینداربون.

کۆنفیدراسیۆنه‌كه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "هەموو جۆرە توندوتیژیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ڕەتدەکه‌ینه‌وه‌و جەختشدەکه‌ینه‌وه‌ لەسەر خەبات‌و چالاکی ئاشتییانە‌و دیموکراتی‌و مۆدێرن، گومانیش لەوەدانییە کە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، مافێکی ڕەوای گەلەکەمانەو هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە ڕێگریی لەبەڕێوەچونی ئەو ئاهەنگە بکات".



هه‌روه‌ك ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "بەتوندی ئەو هێرشە توندئاژۆیانە ڕیسواو شەرمەزار ده‌كه‌ین‌و هێرشی لەو جۆرەش لەپایتەختی ئەوروپا جێگه‌ی قبوڵکردن نییە، بۆیه‌ داوا لەڕەوەندی کوردی له‌بەلژیکا دەکەین بەڕەچاوکردنی یاساو ڕێسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە، دژ بەو هێرشە ڕەگەزپەرست‌و نەژادپەرستانە هەڵوێست وەربگرن‌و ڕەچاوی پاراستنی ئاسایش‌و سەقامگیریی وڵاتەکە بکەن‌و خۆیان لەبەکارهێنانی توندوتیژی بەدوربگرن، چونکە هێرشکردنەسەر دوکان‌و تێکدانی سیمای شارەکە، لەبەرژەوەندی دۆزی کوردانییەو خزمەت بەنەژادپەرستان دەکات".

په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى خێزانه‌ توركه‌كان كردوه‌و داواده‌كات، "کورد هەردەم ئاشتیخواز بوە، داوا لەخێزانە تورکەکان دەکەین چیتر منداڵەکانیان لەسەر توندوتیژیی‌و دژایەتیکردنی نەتەوەکانی تر ڕانەهێنن‌و واز لەمیتودی سڕینەوەی کورد بهێنن، چونکە هەرگیز بونی کورد نەسڕاوەتەوەو ناشسڕێتەوە".