سبەینێ دوا وادەیە.. پارتى و یەکێتى لیستى کاندیدەکانیان رادەستى کۆمیسیۆن نەکردووە

کوردستان

27/03/2024‌ 430 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

سبەینێ کۆتا ڕۆژى ئەو وادەیە کە کۆمیسیۆن بۆ وەرگرتنى ناوى کاندیدەکان دیاریکردووە، تائێستا پارتى و یەکێتى ناوى کاندیدەکانیان ڕادەستى کۆمیسیۆن نەکردووە و پێدەچێت وادەى وەرگرتنى ناوى کاندیدەکان درێژبکرێتەوە.

سبەینێ ٢٨ى ئادار، کۆتایی بەو وادەیە دێت کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بۆ وەرگرتنى ناوى کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە.

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس، سەرجەم ھێزە سیاسیەکان کاندیدەکانیان یەکلایی کردۆتەوەو یان تۆماریان کردوون یان سبەی تۆماریان دەکەن و ئامادەکارییان کردوە بۆ تۆمارکردن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا ناوی ھیچ کاندیدێکی رادەست نەکردوەو وەک بەردەوام بوونێک لە ھەڵوێستی بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن ناوی کاندیدەکانی یەکلایی نەکردۆتەوەو نەیداوەتە کۆمسیۆن.

شاپرێس زانیارى دەستکەوتووە، بە ئەگەری زۆرەوە بۆ ئەوەی مۆڵەتێک بدرێتە پارتی، پێدەچێت سبەینێ درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی کاندیدان بۆ یەک ھەفتە درێژ بکرێتەوە.

ھەر بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس ئێوارەی ئەمرۆ لە دەباشان، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتی و لیستی ھەڵبژاردنی ئەو حزبە ئامادەکراوە بۆ ئەوەی سبەینێ ڕادەستی کۆمسیۆن بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکانی.

وابڕیارە ڕۆژى ١٠ى حوزەیران، هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامبدرێت، هەرچەندە پارتى پێشتر ڕایگەیاند، کە بایکۆتى هەڵبژاردن دەکات، بەڵام هەڵوێستى خۆى گۆڕیوە و بەشدارى هەڵبژاردن دەکات.