عێراق بۆتە پردی گەیاندنی پەیامەکانی ئەمریکا بە ئێران

عیراق

14/04/2024‌ 352 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئاشکرایکردووە کە لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 3 پەیامی لەڕێگای عێراقەوە گەیاندۆتە ئێران.

ئەو سەرچاوەیە وتویەتی، “ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە کەناڵەکانی پەیوەندیی عێراق لە گەیاندنی پەیامە ڕاستەوخۆکان بە تاران نزیکترینن، بەهۆی پەیوەندییە هاوبەشەکان و ڕۆڵی گرنگی بەغدا لە دۆسیەی سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی هەردوو لایەنی ئێران و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دوای ڕووداوەکانی غەززە و لێکەوتە توندەکانیان لەسەر ناوچەکە”.

ئەوەش هاتووە: دوای بۆردوومانی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و کوژرانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران تێیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە، واشنتۆن 4 پەیامی لەڕێگای چەندین کەناڵی عێراقییەوە ئاراستەی ئێران کردووە، لە خۆیان لە 3 خاڵی سەرەکیدا بینیوەتەوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، خاڵی یەکەمیان ئەوە بووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوەختە ئاگاداری ئەو هێرشەی ئیسرائیل نەبووە و لەپڕۆسەکەوە تێوەنەگلاوە، دووەم: دوورکەوتنەوە لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سێیەمیان گرنگی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و نەوروژاندنی گرژی و نائارامی نوێ لەلایەن بریکارەکانی سە ربە ئێران و پەلامارنەدانی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.

لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەکردووە کە پەنابردنی ئەمریکا بۆ عێراق و بەردەوامی کەناڵەکانی پەیوەندیی لەگەڵ تاران رەنگدانەوەی سووربوونی ئەمریکایە لەسەر بەریەکنەکەوتن لەگەڵ ئێران لەکاتێکدا لە گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور لەجەنگێکی ناراستەوخۆدایە لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێن، ئەوە جگە لەو ئاڵنگارییانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا رووبەڕووی دەبنەوە و بەرەی لوبنانیش بەرەو گەرمبوون دەڕوات.