راپۆرتێکی روسی جگە لە تۆڵەکردنەوە ئامانجێکی تری نهێنیی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

جیهان

21/04/2024‌ 1399 جار خوێندراوه‌ته‌وه


گەڤۆرگ میرزەیان،  لە رۆژنامەی ڤیزگلیادی رووسیی بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاشکرایکردووە کە ئێران لە ڕێگەی هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە یەک کاتدا سێ تاقیکردنەوەی چەکی هێرشبەری ئەنجامداوە.

نووسەرە روسییەکە دەڵێت: شارەزایانی سەربازیی بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە شەوی 14ی نیساندا. لە یەکەم سەرنجداندا هێرشەکە وەک شکستخواردوو دەرکدەەوت. بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لانیکەم سێ جۆر تاقیکردنەوەی لەسەر ئەو چەکی هێرشبەرانە ئەنجامداوە کە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، بەشێوەیەک هەموو ئەنجامەکان سەرکەوتوو بوون:

ئەو دەڵێت: سەرەتا ئێرانییەکان توانای خۆیان تاقیکردەوە بۆ هەماهەنگی هەڵدانی سیستەمی دڕۆنیی بە قەبارەی بەرفراوان. بە وتەی ڤلادیسلاڤ شوریگین، شارەزای یانەکانی ئیزبۆرسک، نزیکەی هەموو چەکەکان لە کاتی خۆیدا گەیشتوونەتە شوێنی دڵخواز؛

تاقیکردنەوەی دووەم توانای بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بوو، هەروەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتانی بیانی کە هاوکاری ئیسرائیلیان دەکرد.
تاقیکردنەوەی سێیەمیش هەستانی ئێرانییەکان بوو بەتاقیکردنەوەی موشەکە هایپەرسۆنیکەکانیان،  ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێستا کێشەیەکی جددی بۆ ئەمریکا درووست بووە، وەک دەردەکەوێت کە ئەوان ئامرازی خستنەخوارەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیکیان نییە.

لە هەمووی گرنگتر ئێرانییەکان دەتوانن بە بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە بکەنەوە. تەلئەبیبیش تێدەگات کە بە ناچاری ئەم شەڕی ئیستینزافە دەدۆڕێنێت، بەوپێیەی هێشتا  هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی هەرزان لە جیهاندا نییە بۆ لەناوبردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان یان هەر سیستەمێکی ئاڵۆزتر.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی