سەرچاوەکان: هەفتەی داهاتوو ئێران فڕۆکەی جەنگیی SU-35ی رووسی بەدەست دەگات

جیهان

21/04/2024‌ 767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئێران وەجبەی یەکەمی فڕۆکەی سوخۆی Su-35 “Flanker E لە ڕوسیا وەربگرێت، ئەمەش توانای هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییە گریمانکراوەکانی نەیارەکانی تاران وەک ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە، لەکاتێکدا تاران و تەلئەبیب لە لێواری ململانێیەکی کراوەدان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران، هەفتەی داهاتوو تاران یەکەم فڕۆکە لە کۆی گشتیی 24  فڕۆکەی جەنگیی روسیی جۆری  Su-35 “Flanker E لە رووسیا وەردەگرێت.

دەستخستنی فڕۆکەی جەنگی نەوەی 4.5 لە ڕووسیا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرچاوی تواناکانی هێزی ئاسمانیی ئێران کە زۆر پشتی بە فڕۆکەی جەنگی مۆدێل کۆنتر بەستووە.

هێزی ئاسمانیی ئێران لە ئێستادا خاوەنی مۆدێلەکانی وەک میگ-29 ی روسی و فڕۆکەی درووستکراوی ئەمریکی وەک ئێف 5 و ئێف 4 فانتۆم و ئێف 14 تۆمکاتە کە لە سەردەمی شای ئێران پێش شۆڕشی ئیسلامی 1979 بەدەستی هێناوە  .

هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان بڵاویکردەوە کە ڕووسیا بەم زووانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی وەک ئێس-400 “تریومف” بۆ ئێران دابین دەکات.

ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ وەک میدیا دیارەکانی ئەمریکا بڵاوی دەکەنەوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە پێشبینی گریمانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

جێگای سەرنجە کە هەر 24 فڕۆکەی جەنگی جۆری سو-35 پێشتر بۆ میسر  درووستکرابوو، بەڵام قاهیرە دوای هەڕەشەی سزای ئابووریی لەلایەن ئەمریکاوە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا ناسراو بە ( CAATSA ) ، گرێبەستەکەی لەگەڵ رووسیا هەڵوەشاندەوە، دواتر رووسیا ئەو فڕۆکانەی بە ئێران فرۆشت.

چاودێران پێیان وایە، پێدەچێت گواستنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی سو-35 بۆ ئێران "پاداشتێک" بووبێت لەپای هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ ڕووسیا، لەنێویاندا فرۆشتنی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شەهید-136 و لەم دواییانەشدا مووشەکی بالیستیک کە دژی ژێرخانی سەربازی و شوێنە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بەکارهێنراون.

 هەروەک، چاودێرانی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینی دەکەن بەدەستهێنانی فڕۆکەی سو-35 هاوکاریی هەوڵەکانی تاران بکات بۆ مۆدێرنکردنی هێزی ئاسمانییەکەی، کە تا ئێستاش پشت بە فڕۆکە کۆنەکانی ئەمەریکا دەبەستێت وەک F-4 Phantom, F-14 Tomcat و F-5 .
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی