سەرۆکی مەهەپە داوای داخستنی "دەم پارتی" دەکات

جیهان

23/04/2024‌ 688 جار خوێندراوه‌ته‌وه


دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورک (مەهەپە) داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) و دەستبەسەرداگرتنی پارە و موڵک و ماڵی ئەو پارتە کوردییە بووە.

باخچەل ئەو پارتەی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە لە ئاهەنگێکدا لە شارەوانی سور لە شاری ئامەد،  "سوکایەتی" بە وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە ، هەربۆیە داوای کردووە جارێکی دیکە پارتەکە دابخرێتەوە.
سەرۆکی مەهەپە دوێنێ دووشەممە بۆنەی دامەزراندنی مەجلیسی نیشتمانیی گەورە و دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا، لە 23ی نیسان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دەبێت دەست بەسەر پارە و ماڵ و موڵکەکانی دەم پارتیدا بگیرێت و پارێزبەندیی لەسەر پەڕلەمانتارەکانیان  هەڵبگیرێت. ”

باخچەلی لەبەشێکی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: دەستبەجێ لابردنی گەندەڵکاران کە ئاڵای تورکیا قبوڵ ناکەن و دەستبەسەرداگرتنی پارە و موڵک و ماڵیان، جگە لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بۆ داخستنی پارتەکەیان، هەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی لە پەڕلەمانتارە جوداخوازەکان، و دانانی پشکنەرێک بۆ لێکۆڵینەوەیان لەبری یاریکردن بە کات و دواخستن، ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقییە بەرامبەر بە مێژوو و باوباپیران و نیشتمان و نەتەوە”.

هۆکاری ئەو هێرشەی سەرۆکی مەهەپە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیدارەی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەل کە لە دوایین هەڵبژاردندا زۆرینەی شارەوانی شارە کوردییەکانی بەدەست هێنا، ئاڵای تورکیای لە ماڵپەڕی فەرمی شارەوانی دیاربەکر لابرد، بەڵام دوای کاردانەوەکان دیسانەوە ئاڵاکە بە هەمان شێوە دانایەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی