ترەمپ بەلێدوانێک ئۆکرانییەکان نیگەران دەکات

جیهان

23/04/2024‌ 737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا، ئۆکرانیای بە "بەشێک لە ڕووسیا" وەسفکردووە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە ترەمپ لە ڕابردوودا زۆرجار گلەیی لە پشتیوانی واشنتۆن بۆ کیێڤ کردبوو.

ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، ترەمپ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا ئۆکرانیای بە "ئۆکرانیای خۆیان" و "بەشێک لە ڕووسیا" زانیوە.

هەروەک، ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە زاری فیۆنا هیڵ، بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، ترەمپ لە ساڵانی ژیانیدا پێیوابووە ئۆکرانیا دەبێت بەشێک بێت لە ڕووسیا. 

سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند جارێک ڕایگەیاند کە دەتوانێت کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکرانیا بهێنێت بە فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی کیێڤ بۆ ئەوەی نیمچە کریمیا و دۆنباس بە ڕووسیا بدات و روسیا ناچار بکات هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا رابگرێت، کە ئەمەش نیگەرانیی ئۆکرانییەکانی لێکەوتۆتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی