بەرپرسێکى باڵاى یەکێتى پێشنیاردەکات پۆستى سەرۆکى هەرێم و حکومەت بدرێت بە کەمایەتییەکان

کوردستان

23/04/2024‌ 1144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى ڕایدەگەیەنێت، پارتى بێبەشکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کردۆتە پاساوی دواخستنی هەڵبژاردن و پێشنیار دەکات، سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بدرێت بە ئاشوری و تورکمان

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لە پەیجى خۆى نوسیویەتى: لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بێبەشکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کردۆتە پاساوی دواخستنی هەڵبژاردن!.

نوسیویشیەتى: هەرچەندە هەبوون و نەبوونی چەند پەرلەمانتارێکی تورکمان، ئاشوری و ئەرمەن پێوەری سەرەکی دەستەبەر بوونی مافی ئەو پێکهاتانە نییە، چونکە دەکرێ ئەوان لە پەرلەمان بن و مافەکانیشیان پێشێل بکرێن، هەروەها دەکرێ لە پەرلەمانیش نەبن و مافەکانیشیان پارێزراوبن، تازە دادگا بڕیاری خۆی داوە و پاشگەزبوونەوەی نییە، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەش پەرلەمانمان نییە تا یاساکە هەموار بکاتەوە، کەواتە چار چییە؟

ئەو بەرپرسەى یەکێتى ئاماژە بەوەدەکات، دەکرێ هەموو لایەنە کوردستانیەکان رێکبکەون کە لەدوای هەڵبژاردن سەرۆکایەتی هەرێم بە کەسایەتیەکی پێکهاتەیەک و سەرۆکایەتی حکومەتیش بە کەسایەتیەکی پێکهاتەیەکی دی بدرێ و دەڵێت: چونکە ئەو پێکهاتانەش وەکو ئێمە هاوڵاتی و خاوەنی ئەم نیشتیمانەن و مافی خۆیانە ئەو پۆستە باڵایانەش وەربگرن، دوای ئەوەش پەرلەمان دەتوانێ یاسای هەڵبژاردن هەموار بکاتەوە و دادپەروەرانەش کورسی نوێنەرایەتی ئەو پێکهاتانە دابنێتەوە.