میدیای تورکی بە گاڵتەپێکردنەوە باسی ڕازاندنەوەی قەڵای هەولێر بەئاڵای تورکیا دەکەن

کوردستان

24/04/2024‌ 4713 جار خوێندراوه‌ته‌وه


میدیای تورکی بەشێوازی جیاواز باس لە ڕازاندنەوەی قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا دەکەن، هەندێکیان دەڵێن، جێی شانازیمانە ئاڵای تورکیامان بەسەر قەڵای هەولێرەوە هەڵکرد.

لەبەشێک لەو میدیا تورکیانەی باس لە هەڵکردن و رازاندنەوەی هەولێر بە ئاڵای تورکیا کرا، قسەی جیاواز کرا، لە  خەبەر تورک فەرماندەیەکی سەربازیی تورکیا ووتی "جێی شانازیمانە ئاڵای تورکیامان بەسەر قەڵای هەولێرەوە هەڵکردو ئەوە بەمانای ئەوەیە دەتوانین ئاڵای تورکیا لەسەر چیایی حەمرینیش هەڵکەین، پێشکەشکارەکە ووتی حەمرین کوێیە؟ لە وڵامدا ووتی: سنورەکانی میساقی میللی".

میدیایی تورکیا بەشانازیەوە وێنەی قەڵای هەولێری دەگواستەوە، یەکێك لەمیدیاکانیش ئەوەی بڵاوکردەوە "باپەکەکە بتەقێ وا ئاڵای سوری تورک لەسەر قەڵای هەولێرە".

لە گفتوگۆیەك لەگەڵ سی ئێن ئێن تورک یەکێک لە پسپۆڕە سەربازی و و هەواڵگرییەکان بەناوی عەبدوڵا ئاغر ئاماژەی بەشتێکی زۆر گرنگ کردو ووتی: پارتی دیموکراتی کوردستان لەدۆسیەی پەکەکە دا ئیرادەیەکی جددی بۆ لەناوبردنی پەکەکە نیشانی تورکیا نەداوە و هەمیشە ئەم دۆسیەیەی وەک کارتێک لەبەرامبەر تورکیا بەدەستی خۆیەوە هێشتۆتەوەو ئەوەش هۆکاربووە بۆ ئەوەی تورکیا لەدواین هڵوێستی پارتی دژبە حکومەتی ناوەند پشگیری لە پارتی نەکات".

هاوکات ووتی "یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ناڕونەکەی پارتی، چونکە ئەگەر پارتی لەگەڵ تورکیا لەم دۆسیدا سەڕاست بوایە لەمێژبوو پەکەکە لەناوبرابوو، پارتی هەمیشە دۆسیەی پەکەکەی خستۆتە گۆڕەپانی یەکێتی، بەڵام ئەوە پارتیە هەماهەنگی جددیی نەکردوە لەگەڵ تورکیا".

میدیاکانی تورکیا لە کاتی پێشوازیەکەی ئەردۆغان لە هەولێر گاڵتەیان بە ئیتیکی پڕۆتۆکۆڵی گرت و بە نەشارەزا وەسفیان کرد، ووتیان قەرەباڵغییەکی زۆریان بەسەر سەری ئەردۆغاندا کردوەو وێنەگرەکان زۆر نزیک بوونەو هەروەها پێشوازیەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان بە "نا پڕۆتۆکۆڵی" وەسفکرد.