ئێران بڕیارێك له‌باره‌ى سوریاوه‌ ده‌دات

جیهان

24/04/2024‌ 3428 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی نزیک لەحزبوڵای لوبنان‌و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوه‌تەوە، لەماوەی ڕابردودا ئێران بونی سەربازیی خۆی لەسوریا کەمکردوەتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانی لەسوریا کردە ئامانج.


سەرچاوەیەکی نزیک لەحزبوڵڵای لوبنان بەبێئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرابکات بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، “هێزەکانی ئێران ناوچەی باشوری سوریایان چۆڵکردوەو لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا لەپێگەکانیان لەگوندەوری دیمەشق، دەرعاو قونەیترە لەباشوری لوبنان، کشاونەتەوە".

هەروەک ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندوە، “ئێران بارەگاکانی لەدیمەشقەوە تا باشوری ئەو وڵاتە، لەوێوە تاسنوری جۆلانی داگیرکراو لەلایەن ئیسرائیلەوە چۆڵکردوە، ئەویش لەترسی ئەوەی جارێکی تر لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێنە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنان‌و گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی دیکە شوێنی هێزەکانی ئێرانیان لەو ناوچانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە،گرتوه‌تەوە.

چاودێران دەڵێن، هەرچەندە بۆردومانکردنی کونسوڵخانەی ئێران لەدیمەشق کشانەوەی هێزەکانی ئێرانی لەچەند پارێزگایەکی سوریا خێراتر کرد، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە پڕۆسەی کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی ئێران لەسوریا لەئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیپێکردوە، کە ئامانجەکانی ئێرانی لەو وڵاتە کردە ئامانج، بەتایبەت لەسەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس لەکەرتی غەززە، دوای هێرشێکی بێوێنەی حەماس کە لە 7ی ئۆکتۆبەر کردییەسەر ئیسرائیل.