به‌شێك له‌نهێنیه‌كانى كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان له‌هه‌ولێر ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

24/04/2024‌ 8231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشێک لەوردەکاری دیداری ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەبێت، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداریش له‌كۆبونه‌وه‌كان ده‌ڵێت:"بەشێکی زۆری كۆبونه‌وه‌كان، پەیوەستبون بەمافی تورکمانەکانەوە".


سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بەشێک لەنهێنییەکانی کۆبونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیای لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەهەولێر ئاشکراکردوە، بەشێوەیەک بەشی زۆری گفتوگۆکانی دیدارەکە پەیوەستبوە بەپاڵپشتیکردنی تورکمانەکان‌و بەرەنگاربونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌).

ئەو سەرچاوەیە کە قسەی بۆ تۆڕی هەواڵی عێڕاقی (INN) کردوە وتویەتی:"لەکۆبونەوەکەدا باسی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە، هەروەک لەپرسی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیی ئەردۆغان باسی لەوەکردوە، پێش باسکردن لەو بابەتە، چەند مەرجێک هەیە دەبێت جێبەجێبکرێت".

سەرچاوەکە کە ناوی خۆی ئاشکرانەکردوە ئاشکرایکردوە، سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لەپێویستی بەرەنگاربونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان‌و ڕێگەنەدان بەبونیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کردوه‌تەوە، ئەوە جگە لەڕێگرییکردن لەبونی ئەو هێزانەی لەپەکەکەوە نزیکن، لەوانە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

ڕونیشیکردوه‌تەوە، لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەپشتیوانی تورکیا بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنوریی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان‌و زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنان کراوەتەوە، ئەردۆغانیش داوای لەبەرپرسانی هەرێم کردوە لەهەڵبژاردنی داهاتودا پشتیوانی تورکمانەکان بکەن‌و لەچوارچێوەی هەرێمدا مافی زیاتریان پێبدەن.