توركیاو ئه‌مریكاو ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌رێم ده‌كه‌ن

کوردستان

25/04/2024‌ 9191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كادیرێكى پێشكه‌وتوى پارتى گه‌ڕانه‌وه‌ى كورسى كۆتاكان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بڕیارە کورسی کۆتاکان بەڕێژەیەکی کەم بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان"، ده‌شڵێت:"توركیا بۆ توركمانه‌كان‌و وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکاش بۆ كریستیانه‌كان، بەفەرمی‌و نافەرمی هۆشدارییانداوه‌".


ده‌نگى ئه‌مریكا له‌زارى شیرین فواد مەعسوم کادری پێشکەوتووی پارتیه‌وه‌ ئاشكرایكردووه‌، "کورسی کۆتاکان دەگەڕێتەوە، هەڵبەت بە ڕێژەیەکی کەمتر، لە کۆتاییدا پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەوانەی تریش زەرەرمەندی یەکەم دەبن".

وتوشیه‌تى:"وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە فەرمی و نافەرمی هۆشدارییانداوه‌ بۆ کورسی کۆتای مەسیحییەکان، هەروەها تورکیاش ئەو پەیامەی لە بارەی تورکمانەکانەوە گەیاند".

له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی كاربه‌ڕێكه‌رى هەرێم بێئاگایی خۆى له‌و زانیاریانه‌ى كادیره‌كه‌ى پارتى ڕاگه‌یاندووه‌.

لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە 21ی مانگی دووی ئەمساڵ، سەبارەت بە نەمانی کورسی کۆتاکان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، ڕۆژی 3ی مانگی 3ى ئه‌مساڵیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی سەرۆکایەتی تایبەتی دەرکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و 10ی مانگی شەشی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیاریکرد.

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی 18ی مانگی ڕابردوو، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە نادەستوری ناوبردن و ڕایگەیاند "بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی بڕیاری لەبارەوە درابێت".