هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌وره‌ترین پارتى كوردى ده‌كرێت

کوردستان

25/04/2024‌ 7838 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حكومه‌تى توركیا هه‌ڕه‌شه‌ى داخستن له‌گه‌وره‌ترین پارتى كوردى له‌و وڵاته‌ ده‌كات‌و چه‌ندین تۆمه‌تى ڕوبه‌ڕوده‌كاته‌وه‌، ئه‌و پارته‌ش سه‌ربارى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى تۆمه‌ته‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سوکایەتیکردن بەبەهاو سیمبوڵەکان لەتێگەیشتنی ئیدارە خۆجێییەکانی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە".


جارێکی دیکە پارتێک کە بەرگریی لەمافەکانی کورد دەکات لەتورکیا مەترسی داخستنی لەسەرەو تۆمەتی ئەوەی خراوەتەپاڵ گوایە ئاڵای تورکیای لەشارەوانییەکان لاداوەو وێنەی دامەزرێنەری ئەو وڵاتەشی هێناوەتە خوارەوە، لەگەڵ ئەوەش سوکایەتیی بەمارشی نەتەوەیی تورکیا کردوە؛ دەم پارتیش سەرجەم تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە.

داخستنی دەم پارتی جارێکی دیکە لەڕۆژەڤی تورکیا ڕەنگیداوەتەوەو پارتێکی سیاسی لەتورکیا داوادەکات نەک تەنها دابخرێت، تەنانەت دەبێت پارێزبەندیی لەتەواوی پەرلەمانتارەکانیشی وەربگیرێتەوەو نەهێڵدرێت جارێکی دیکە پارتێکی دیکە ڕابگەیەنن.

توركیا وتویه‌تى، "دەم پارتی لەو شارەوانییانەی کە لەهەڵبژاردنی 31ی ئاداری ئەمساڵ بەدەستیهێناون، ئاڵای تورکیایان لەناو باڵەخانەکە لاداوەو وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورکى دامەزرێنەری کۆماری تورکیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەیان لاداوە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌ڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویه‌تى:"پێشتر هەدەپەو ئێستاش دەم پارتی، نەیانتوانیوە خۆیان لەپەکەکە بەدوربگرن بۆیە، پێویستە دەم پارتی خۆی لەپەکەکە بەدوربگرێت، بەپێچەوانەوە داخرانی ئەو پارتە شتێکی حەتمییە".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "هەر لایەنێک داوای سیاسەتی دیموکرات دەکات پێویستە تیرۆر ڕەتبکاتەوە، لەدیموکراسییەکان توندوتیژی جێگەی نابێتەوەو ئازادی ڕادەربرین هەیە، بەڵام ئەگەر دم پارتى پاڵپشتی لەتوندوتیژی بکات، دەوڵەتی خاوەن یاسا ئەمە ڕەتدەکاتەوە، ئەگەر دەم پارتی خۆی لەپه‌كه‌كه‌ بەدورنەگرێت، داخستنی ئەو پارتە بابەتێکی حەتمییە".

له‌سه‌ر قسه‌كانى وه‌زیرى دادى توركیا تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:"کەسانێک لەرێگەی وروژاندنی هەستی کۆمەڵگه‌ لەڕێگەی بەهاو سیمبوڵەکان، هەوڵ دەدەن گەندەڵی‌و تاڵانکارییەکانیان بشارنەوە".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "سووکایەتیکردن بەبەهاو سیمبوڵەکان لەتێگەیشتنی ئیدارە خۆجێییەکانی ئێمەدا جێگەی نابێتەوە، ئەوانەی لەهەڵبژاردنەکان شکستیانهێناو ترسی ئایندەیان بەسەر نیشتوە، دەیانەوێت لەڕێگەی وروژاندنی هەستی کۆمەڵگه‌وە گەندەڵی‌و دزی‌و تاڵانکارییەکانی خۆیان بشارنەوە، ئەوانەی چەند ڕۆژە دەمانکەنە ئامانج، دوژمنی دیموکراسین‌و هەرگیز ڕێگە بەمجۆرە چەواشەکارییانە نادەین".