شارپرێس:
بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لێدوانێکی نوێی لەسەر هێرشە موشەکییو درۆنییەکەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل داوە وتویەتی، “ئەوەی گرنگە هێزی خۆمان نیشانبدەین نەک ژمارەی موشەکەکان یان ئامانجەکان”.
لەبەشێکی تری قسەکانیدا خامنەیی داوای لەهێزەکانی ئێران کردوە "داهێنان" بکەنو "شێوازەکانی دوژمن فێربن".
ئەو لێدوانەی ڕێبەری باڵای ئێران دوای زیاتر لەهەفتەیەک لەهێرشێکی ئێران دێت کە بەسەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەکی بالیستیو کروز شوێنە سەربازییەکانی ناو ئیسرائیلیان کردە ئامانج، کە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لەدیمەشق هاتو لەئەنجامدا 16 کەس کوژران کە حهوت کەسیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بون، دیارترینیان محەمەد ڕەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای قودس لەسوریاو لوبنان.
ئەو لێدوانانەی خامنەیی هەروەک دوای ئەوەهات کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێرشی دڕۆنییو موشەکیی کرایەسەر پێگەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، هەرچەندە ئیسرائیل بەفەرمی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتوە، بەڵام میدیا ڕۆژئاواییەکان دەڵێن زیان بەبەشێک لەدامەزراوەکە گەیشتوە.
لای خۆیشییەوە، دەزگای "تەسنیم"ی ئێرانی، سەلامەتی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهانی پشتڕاستکردەوەو ڕایگەیاند کە "بەتەواوی سەلامەتن".
تاران لەلێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی وڵاتەکەیدا ئەم هێرشەی کەمکردبوەوەو ڕەتیکردەوە دامەزراوەکە بەر موشەک یان هەڵمەتی ئیسرائیل کەوتبێتو تەنها ڕایگەیاندبوو، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستوهتە خوارەوە.
هاوکات حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بەیارییەکی منداڵان بەراورد کردو جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر "بەرژەوەندی" وڵات نەکرێتە ئامانج، وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوەی ئێران نابێت.
هەینی ڕابردوو تاران ڕایگەیاند کە "سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەرکەوتوو بوە لەخستنەخوارەوەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان"، ڕەتیشیکردەوە، وڵاتەکە بەموشەک کرابێتە ئامانج.