ئانۆ جه‌وهه‌ر: ماقول نییە کۆتا لەبەغدا حەڵاڵکراوبێت‌و لەهەولێر حەرام بکرێت

کوردستان

28/04/2024‌ 1634 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌زیرێكى حكومه‌تى هه‌رێم ڕه‌خنه‌ له‌به‌غدا ده‌گرێت‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ماقول نییە کۆتا لەبەغدا حەڵاڵکراوبێت‌و لەهەولێر حەرام بکرێت، ده‌شڵێت:"دەبێت دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە بێت‌و بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئەو نوێنەرانەی کە کورسیی کۆتای مەسیحی‌و ئێزدی‌و فەیلی‌و شەبەکیان بەدەستەوەیە لەپەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا".


ئانۆ جه‌وهه‌ر وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن له‌نوسینێكدا له‌هه‌ژماری خۆی له‌فه‌یسبوك نوسیویه‌تى، "ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕوای وابوو کە کورسیی كۆتاکان، بۆ مەسیحی‌و تورکمان نادەستورییە لەپەرلەمانی کوردستان‌و هەربۆیەش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەرکرد؟ ئەی بۆچی ئەندامێتیی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقتان هەڵنەوەشاندەوە کە بەگوێره‌ى سیسته‌می کۆتا لەعێراقدا هەڵبژێردران؟".

ئه‌و وه‌زیره‌ى حكومه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌شكردوه‌، "کەواتە بۆ ئەوەی دادگا تۆمەتبار نەکرێت بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی دوو فاقی، دەبێت دادگای فیدراڵی دادپەروەرانە بێت‌و بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی ئەو نوێنەرانەی کە کورسیی کۆتای مەسیحی‌و ئێزدی‌و فەیلی‌و شەبەکیان بەدەستەوەیە لەپەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، ماقول نییە کۆتا لەبەغدا حەڵاڵکراو بێت‌و لەهەولێریش حەرام بکرێت".

ئانۆ جه‌وهه‌ر نوسیویه‌تى:"ماقول نییە کۆتا لەپه‌رله‌مانى عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستوری بێت‌و لەپەرلەمانی کوردستانیش نادەستوری بێت، بەوپێیەی دەستور تەنها یەکە! لەجێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوردا هیچ بژارکردنێک نییە، دەبێت هەمومان یەکسان بین، وەک خەڵکی ئەم وڵاتە ئەگەر کۆتا لەهەولێر هەڵبوەشێندرێتەوە، دەبێت لەبەغداش هەڵبوەشێنرێتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر وەک خۆی لەبەغدا بمێنێتەوە، دەبێت له‌هه‌ولێریش هەروەک خۆی بمێنێتەوه‌".

له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا ئانۆ جه‌وهه‌ر جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "دادپەروەری بەهێزترین بناغەو فەزیڵەتی دەسەڵاتەو لەگەڵ دادپەروەریدا ڕەعیەتەکان چاکسازی دەکرێن‌و نیعمەتەکان چەند هێندە دەبن، بۆیە بەدادپەروەری حوکم دەکەیت".