ناوەرۆكی سەردانەكەی سودانی بۆ سعودیە ئاشكراكرا

عیراق

28/04/2024‌ 572 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 
ئەمڕۆ یەكشەممە باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق، دیارترین ئەو مەلەفانەی ئاشكراكرد كە  محەمد شیاع سودانی سەرۆكوەزیران لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانیدا لە ڕیازی پایتەختی سعودیە تاوتوێی دەكات.

عەوادی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیران بەشداری دەكات، لە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە ڕیازی پایتەخت ‌و بەشدارییەكەی بەئەنجامدانی چەندین دیدار لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردەی وڵاتان بەڕێوەدەچێت لەوانە محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز جێنشینی سعودیە و میری كوێت و سەرۆكوەزیرانی پاكستان و كۆمەڵێك كۆمپانیای نێودەوڵەتی.

ڕاشیگەیاند، سەرۆك وەزیران پڕۆژەی (رێگای گەشەپێدان) لە پەراوێزی سەردانەكەیدایە، بەو پێیەی  ناونیشانی كۆڕبەندەكە  (هاوكاری نێودەوڵەتی و گەشەكردن و وزەیە بۆ گەشەپێدان).

عەوادی دەشڵێت، رێگای گەشەپێدان دەبێتە نەخشەڕێگای هاوكاری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەنگاوێكی گەورەی گەشەپێدانی چۆنایەتیە لە ناوچەكەدا كە باشترین ڕێگایە بۆ گواستنەوەی وزە لە داهاتوودا.

جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرۆك وەزیران تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی ئێستای ناوچەكە و شەڕی غەززە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتیش دەكات.