ترسی لە بەستنی كۆنگرە هەیە
كۆسرەت رەسوڵ: هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەسەڵات‌و دارایی یەكێتی كۆنترۆڵكردوە

کوردستان

24/03/2016‌ 6472 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 جێگری یەكەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ  لەدیدارێكی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رایگەیاند" هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێیوایە كە خۆی سەرۆكی یەكێتی بێت‌و بەو پێیەی خێزانی مام جەلالە، لەكاتێكدا ئەو زیندوەو  ئێمە رێزی مێژوویەكەی دەگرین‌و پێمان وایە رەمزیی یەكێتیە، هەركاتێكیش چاكبۆوە هەر خۆی یەكێـتی بەڕێوە دەبات".

كۆسرەت رەسوڵ ئاماژەی بەوشەكردوە كە ئێستا خێزانی تاڵەبانی سودیان لە نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی بینیوەو سەركردایەتی یەكێتیان گرتووتە، جەختیش دەكاتەوە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كۆنترۆڵ بواری دارایی یەكێتی كردوە.

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی جەختیش دەكاتەوە كە رێگە نادەن یەكێتی بەرەو بنەماڵەیی بڕوات،  بەوتەی خۆشی ئەگەر هێزێك بیەوێت ببیتە حزبێكی عەشایەری ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستانە.

سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەش كۆسرەت رەوسڵ دەڵێت"ئێستا ناتوانین كۆنگرە ببەستین بەهۆی شەڕی داعش‌و ناكۆكیمان لەگەڵ پارتی‌و گۆڕان، ئەگەر كۆنگرەش ببەستین ئەوا دڵنیام كەرت بوون دروست دەبێت لەناو یەكێتیدا،بۆیە تا مام جەلال نەخۆشی بێت دۆخی یەكێتی بەو شێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە".

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی داوای دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتی یەكێتی دەكات‌و رونیدەكاتەوە كە بەو پێیەی خۆی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتییە دەسەڵاتەكانی دارایی‌و پێشمەرگەو پەیوەندیەكانی دەرەوە لەدەستی سكرتێر دایە، بەڵام بەوتەی خۆی ئەمرۆ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەستی گرتووە بەسەر ئەم دەسەڵاتانەدا.

كۆسرەت رەسوڵ دانیش بەوەدا دەنێت كە لەناو یەكێتی دوو باڵ هەیە كە ئەوانیش باڵی بەرهەم ساڵح‌و كۆسرەت رەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هەروەها باس لەوەش دەكات كە بەرهەم ساڵح  كەسێكی كاریگەرە.

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی تەئكیدیش لەوەش دەكاتەوە كە هیچ كێشەیەكی شەخسیان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نییە، بەڵام بەوتەی خۆی ئەو دژی ئەو شێوازی بەڕێوەبردنەیە كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پەیڕەوی دەكات.

لەبەشێكی تری دیدارەكەدا كۆسرەت رەسوڵ دەشڵێت" ئێمە جەخت دەكەینەوە لەسەر پایەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆیی یەكێتی ،من‌و بەرهەم ساڵح سەركردایەتیی یەكێتی دەكەین‌و كۆنگرە ئەو دەسەڵاتەی پێداوین، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو دەسڵاتانەمان لێ بسەنێتەوە".

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هۆشداریدا ئەم ناكۆكییەك كاریگەری لەسەر جەماوەری یەكێتی دەبێت، روینكردەوە كە لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ پێكهێنانی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە دەبێت لەماوەی 6 مانگدا كارەكانی تەواو بكات‌و ئێستا مانگێكی لێ رۆیشتوە.

هاوكات جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی پێشنیاریش دەكات  كە كۆنگرەیەكی تەوافوقی ببەسترێت تیایدا سەركردایەتی یەكێتی هەڵببژێرێت‌و یەكێتی بدرێتە دەست كەسانێكی ئەمین، هەروەها ئەو لەگەڵ ئەوەدایە گە سەركردایەتی یەكێتی بدرێتە دەست گەنجەكان‌و خۆیان دابنیشن.

لەبارەی تەندروستی خۆشییەوە كۆسرەت رەسوڵ دەڵێت" وەكو جاران بە هێز نەماوم‌و هەم لەرووی تەمەنمەوەو هەمیش تەندروستیشم رێگەم پێ نادەن بەشداری كۆبوونەوەی زۆر‌و دورودرێژ بكەم".

هەر لەبارەی رێگركردن لەسەرۆكی پەرلەمانیش كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندوە كە دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە كە بە شەرعی هەڵبژێردراوە، بەبێ‌ گفتوگۆكردن لەگەڵ یەكێتیدا بووە، بەوتەی خۆشی ئەوە پەیوەندیەكان پارتی‌و یەكێتی تێكداوە، رەتیشیكردەوە ئەوان لەگەڵ ئەو بڕیارەی پارتی بن.

بڵاوكردنەوەی ئەم دیدارە لە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەكاتێكدایە كە سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ بەشارپرێسی راگەیاند كە ئەم دیدارە مانگێك پێش ئێستا‌و لە بارودۆخێكی تردا ئەنجامدراوە، بەڵام ئەمرۆ بڵاوكراوەتەوە.
س.هـ