خوێندنی ئۆنلاین و هەلی كار

07/05/2020

شارۆ نەورۆز فازڵ

لە ئێستادا كە جیهان لە بارودۆخێكی ناهەموواردایە و پەتای كۆرۆنا (كۆڤید-١٩) تەنگی بە هەموو جیهان هەڵچنیووە بەبێ جیاوازی لەنێوان دەوڵەتەكان چ زلهێز چ لاواز ، بەبێ جیاوازی لەنێوان مرۆڤەكاندا لە ڕووی نەتەوە، ڕەگەز، باری ئابووری، ئایین، ڕەنگ، دەوڵەمەند و هەژار، ئاشكرایە ئەم پەتایە لەڕێگەی هەر مرۆڤێكە و هەندێك جار گیان لەدەستدانی لێدەكەوێتەوە.

بەهۆی سامناكی دۆخەكە و خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەموو جیهاندا ژیان گۆڕاوە و كار و پیشەسازی و خوێندن پەكی كەوتووە، لەم ناوەندەدا بەهۆی خەمخۆری دەسەڵاتداران بەرامبەر فێرخوازان كە بێ تاوانن بەرامبەر دۆخەكە و مافی خوێندنیان بۆ ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەرەو لەدەستچوون دەچێت، لە زۆربەی وڵاتان و لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردەی خوێندنی ئۆنلاین پەسەندكرا بەشێوازی پاڵپشتیكاری، بەوپێیەی كۆتایی هاتنی دۆخەكە ئاشكرا نیە و بەرپرسانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەخەمی لەدەستچوونی ساڵێكی خوێندندا ئەم بیرۆكەیەیان خستە بواری جێبەجێ كردنەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئاڵنگاری زۆر هەیە بۆ پرۆسەكە و هەموو لایەك هۆشیارن لەوەی خوێندنی ئۆنلاین ناتوانێ جێی خوێندنی نێو كامپ بگرێتەوە و لایەنی نەرێنی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام گەر بڕوانینە لایەنە ئەرێنییەكان (پۆزەتیڤەكانی) پرۆسەكە و ئەم دۆخە وەك هەلێك بقۆزینەوە و سوود لەخاڵە بەهێزەكانی وەربگرین، فێرخوازان دەتوانن خۆیان زۆر بەهێز بكەن لەم دۆخەدا بە سوود وەرگرتن لە پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین جگە لەوەی دۆخەكە كۆمەڵێك خاڵی زۆر بەهێزی تێدایە بۆ مامۆستایان و توێژەران و خاوەكان كارەكان و تەنانەت هەر كارمەندێكی ئاسایی.

لێرەدا تەنها باس لە دۆخی فێرخوازان دەكەم و ئەو خاڵە بەهێزانە دەخەمەڕوو كە فێرخواز دەتوانێت بیقۆزێتەوە و خۆی پێ دەوڵەمەندتر بكات لەڕووی فكر و زانست و تەكنەلۆجیا و ئاشنابوونێكی زیاتر بە جیهانی دەرەوە، ئەمەش دواتر دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی مێژووی فێرخوازەكە لەڕووی خوێندن و توانای كەسییەوە و ئەگەرەكانی بۆ دۆزینەوەی هەلی كار زیاتر دەبێت.

ئەو خاڵانەی خوێندنی ئۆنلاین و پەتای كۆرۆنا بە شێوەیەكی پۆزەتیڤ دەیبەخشێت بە فێرخواز:

1- فێربوونی بەكارهێنانی كەرەستە تەكنەلۆجییەكان چ لەڕووی زیاتر ئاشنابوون بە سۆفتوێرە جیاوازەكان و چ لەڕووی زیاتر بەكارهێنانی كۆمپیوتەر كە پێشتر فێرخواز تەنها پشتی بە مۆبایل دەبەست بۆ هەموو كاروبارەكانی.
2- ئاشنابوونی فێرخواز بە بەكارهێنانی ئیمەیل كە یەكەمین ڕێگای پرۆفێشناڵە لەبواری پیشە و كاركردندا، لە جیهانی ئێستادا بەبێ جیاوازی جۆری كۆمپانیا و ڕێكخراو و دام ودەزگاكان دەبێت كارمەندان ئیمەیل بەكاربهێنن بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و كاروبارەكانیان.
3- ئاشنابوونی فێرخواز بە بەكارهێنانی جۆرە جیاوازەكان یاخود پرۆگرام و ئەپلیكەیشنە جیاوازەكان بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆی فەرمی كە دەتوانن دواتر بۆ چاوپێكەوتنی كار و بەجێ گەیاندنی كاروبارەكانیان بەشێوازێكی پرۆفێشناڵانە بەكاریبهێنن، ئەمەش زۆر جیاوازە لە بەكارهێنانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كە فەرمی نین بۆ گفتگۆ و پەیوەندی كردن.
4- ئاشنابوونی فێرخواز و ڕاهاتن لەگەڵ سیستەمە ئۆنلاینەكاندا بەتایبەت لە هەرێمی كوردستان كە هەرگیز پێشتر كاری پێنەكراوە و فێرخواز تەنها بە شێوازە تەقلیدییەكە خوێندنی تەواو كردووە لەكاتێكدا لەوڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهاندا خوێندنی ئۆنلاین یەكێكە لە خوێندنە خواست لەسەرەكان بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی كاردەكەن و كاتیان نیە بەشداری خوێندی نێو كامپ بكەن.
5- ڕاهاتنی فێرخواز بەسەرنج دان و تەركیز كردنێكی زیاتر تەنها لەڕێگای بیستنەوە و ئەمەش توانی كەسی فێرخوازەكە بەرزدەكاتەوە.
6- پشتبەستنێكی زیاتر بە خود بەو پێیەی بەربەست دێتە ڕێی فێرخوازەكە لەكاتی بەكارهێنانی توڵە تەكنەلۆجییەكان یاخود لەكاتی هەوڵدان بۆ پراكتیزەكردنی وانە پراكتیكییەكان لە ماڵەوە و وەك كاتی خوێندنی نێو كامپ هاوڕێكەی یان مامۆستاكەی لەگەڵ نیە دەستبەجێ پرسیار بكات بەڵكو لەم دۆخەدا خۆی هەوڵدەدات تێبگات لە بابەتەكە و كێشەكە چارەسەر بكات، هەڵبەت هەموو بەشەكانی نێو زانكۆ وپەیمانگاكان ناتوانن وانە پراكتیكییەكان لە ماڵەوە پراكتیزە بكەن وەك بەشە پزیشكییەكان و چەند بەشێكی دیكە كە تاقیگەی كیمیای دەوێت بەڵام هەندێك بەشی وەك زانستە تەكنەلۆجییەكان و كۆمپیوتەر و ڕاگەیاندن بەشەكانی تر بەپێی وانە جیاوازەكان دەتوانن لە ماڵەوە جێبەجێی بكەن.
7- كاتێكی ئازادی زیاتر لە پێشوو بۆ فێرخوازان ڕەخساوە كە بخوێننەوە و بگەڕێن لەڕێگای ئینتەرنێتەوە و زیاتر ئاشنا بن بە زانستەكەی خۆیان و جیهانی دەرەوە و فێربوونی زمانێكی نوێ لەڕێگای كۆرسە ئۆنلاینەكان، ئەمەش دووبارە دەبێتە خاڵێكی بەهێزی دیكە بۆ توانا زانستی و كەسییەكانی فێرخوازەكە.

ئەمانە و چەندین خاڵی بە‌هێزی تر وادەكەن توانای فێرخواز لە ڕووی زانستی، پیشەیی و هەروەها لەڕووی بەهرە و توانای كەسییەوە بەرەوپێش بچێت و دواتر لە بواری كاركردندا وەك خاڵێكی بەهێزی خۆی ئاماژەی پێبكات بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و بیسەلمێنێت كە ئاشنایە بە تووڵە تەكنەلۆجییەكان و توانای كاركردنی هەیە لەژێر فشاردا و دەتوانێت لە ناوەندێكی پرۆفێشناڵ و فەرمیدا پەیوەندی و گفتوگۆیەكی كاریگەر ئەنجام بدات.

شارۆ نەورۆز فازڵ


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی