"دیدگای تونێڵی"

23/09/2025

فازیل شــەوڕۆ

دیدگای تۆنێڵی فێیەکی هیستریانەیە مرۆڤ تووشی دەبێ، بە هیچ شتێک ڕازی نییە، لە غەیری ئەو شتەی خۆی گەرەکیەتی، نایەوێ گوێی لە شتێک بێ، غەیری ئەوەی خۆی دەیەوێ، تەنانەت جاروبار، لە مشتومڕیدا،  بۆ پەردەپۆشکردنی مەرامەکانی، بە زاری خەڵکیشەوە قسە هەڵدەبەستێ.

ئەم حاڵەتە هیسترییە  دەمارگیرییە تووشی تاک و گرووپەکان دەبێ، کە نایانەوێ شتێک ببینن، جگە لەوەی لە مێشکی خۆیاندا کەڵەکەچنیان کردووە.

 ئەمەیش وەک نەخۆشییەکی دەمارگیر، لەو تاکانەدا دەردەکەوێ کە وابەستەی هزری ئایدیۆلۆژی، بیری کۆنەپەرستی یان ڕەفتاری سەرسەختین و ئەوانە لە جیهاندا بە پیرۆزترین شت دەزانن و بەدەر لەوانەی خۆیان، هیچ شتێک وجوودی نییە.

وەک نوکتەیەک لە هەشتاکاندا دەگوتراوە-  کە هەوادارانی بیری چەپ وایان لە خەڵک گەیاندبوو، ئەوەی بە هزری دیالیکتیک و هیگڵ و مارکس ئاشنا نەبێ، ڕۆشنبیر نییە- گرووپێک لە ڕۆشنبیران یاریی دوگۆڵی دەکەن، دوای هەوڵێکی زۆر هیچ گۆڵیان پێ تۆمار ناکرێت، ئامادەبووان و هەوادارنی گرووپەکە، هاوار دەکەن:" ڕۆشنبیریی وا دەبێ! کۆرگەلینە، کوا دیالیکتیکتان لەم یاریە؟!"

حەقیقەت تەنها ئەو شتەیە کە مرۆڤ باوەڕی پێیەتی. بۆیە یەک تاقە حەقیقەت نییە، بەڵکوو خەرمانێک حەقیقەت هەیە.

ئەو  کەسەی وادەزانێ  حەقیقەت لە کن ئەوە، ئەوا گەمژە و ستەمکارە، چونکە ئەگەر ئەو لە زەمان و مەکانێکی دیکە بژیابووایا  ئەوا حەقیقەتەکە جیاواز دەبوو، جا ئەو حەقیقەتەی کە ئەو وەک حەقیقەتێکی ڕەها بانگەشەی بۆ دەکات و قوربانی بۆ دەدات، ئەوا بەرگریکردنە لە حەقیقەتی کەسێکی دیکە کە لە زەمەن و جێگا و دەرفەت و مەعریفەیەکی دیکەدا بەرجەستە بووە. بۆیە گوتەکەی تۆماس جیفرسۆن بە جێیە کە دەڵێ:"حەقیقەت بە دەست دێ کە  ڕێ دەدرێت مرۆڤەکان ئازادانە بیروباوەڕی خۆیان بپارێزن. هەر کەسە هەڵگری حەقیقەتێکە."


 حەقیقەت واتای حەق نادات، بەلکوو ئەو شتەیە کە خۆمان  بوونی دەسەلمێنین، شتێکی بابەتییە و ڕەها نییە. لە دیدگای تۆنێلیدا هزر و لێکدانەوەکان کە فێری دەبن، دەبن بە کۆسپ و بەردەست، ناهێڵن قەت شتێکی دیکە فێر بن.( کوفرە جگە لە دیدگای خۆیان قەت هیچ بیرێکی دیکە بچێتە کەلـلەیانەوە، لێرەدا بیری توندڕەوی چەکەرە دەکا، توندڕەو شتێک نازانێت، جگە لەوێ تەلقیندراوە و  فێرکراوە، شتێک ناخوێنێتەوە غیری ئەوەی  بۆی نووسراوەتەوە،  شتێک ناڵێت غەیر ئەوەی بۆی داندراوە، چ چاوی گرتووە، هەر ئەوە دەبینێت).

چەمکی دیدگای تونێڵی:
واتا قوفڵدانێ مێشک بەو شتەی کە کەسەکە پێی ڕازییە، شەقتێهەڵدان لەهەر شتێک کە  دژ بە بیری ئەو بێت.  خۆی ئەمەش جۆرێکە لە هیستریایی مەعریفەگەرایی.
گوتمان حەقیقەت ڕەها نییە، حەقیقەت لەسەر قەناعەت و ئەزموونی کەسی بنیات دەنرێت،  بۆیە شتێکی کۆنتێکست و ڕێژەییە.

مەبەست لە هێڕبوونی مەعریفیش ئەوەیە خوولیایی بیر و هزرێک دەبین کە چاوبەستمان دەکات لە بینینی هەرشتێک غەیری ئیدراکی خۆمان، ئەمەش توندڕەوی و دەمارگییرییە.

چەند نموونەیەک لە دیدگای تونێڵی:
لە سیاسەت:
جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣:
دارودەستەی ئەمەریکا "چەکی کۆمەڵکوژی"ی  کردە بیانۆ چونکە لە هزری خۆیدا دیدگای کردبوو کە هەیە، گەرچی بەڵگەشی لەبەر دەست نەبوو. دیدگای تۆنێڵی گەورەترین کارەساتی بەسەر ئەو وڵاتەدا هێنا.

شۆڕشی ڕۆشنبیری لە چین (١٩٦٦- ١٩٧٦):
ماو تیستۆنگ، "ئاییۆلۆژیای برژوای" بە دوژمنی بابەگەورەی شۆڕشەکەی دەزانی، هەرچی ڕۆشنبیری بوو هاڕی، دەنگی خنکاندن. دیدگای تۆنێلی ئایۆلۆژی،  کۆمەڵانی چینی فلیقاندە و گەنجینەی ئەدەبی و فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییانی مەحف کردە و هێندی نەما بوو سەری دەوڵەتەکەشیان بخوات.

لە ئاییندا:
دادگای لێپێچینەوەی ئیسپانی (سەدەی ١٥ – ١٩):
دیدگای تۆنێلی ئەوەی لە مێشکی پیاوانی ئاینی ئیسپانیا چەسپاند کە حەقیقەتی ئاینیی کاسۆلکی تاک و بێنەزیر و درووستە. ئەمەشیان کردە گورزێک بۆ سەرکۆتکردنی هەرکەسێک کەوا بیر نەکاتەوە و بە "هەرقەتەیان" ناودەبردن.، جا جوو با  یا دیان یان موسڵمان یان پرۆتستانت یان زانا و دانا.
لە ئاکامدا، کلێسا و پەرستەگاکان بوون بە دامودەزگای کووشت و بڕین و ئەشکەنجەدان و لە گۆڕنانی هەرچی رۆشنبیریی کە هەبوو. هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و لە ئایینە و ئایینزاکەیان وەرگەڕان. لە دیدیی پیاوانی ئایینی" پاککردنەوەی نەفس" هەموو شتێک بوو، چش لە کوشتن و بڕین و مالوێرانی خەڵک.

لە ئایدیۆلۆژیا:

داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت (١٩٩١):
کۆت و سندمکردنی ئابووریی وڵات بە ئایدیۆلۆژیی مارکسی – لینینی وەک تاکە فریادڕەس، بۆ عەیامێکی زۆر سەرکردەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی کوێر کردبوو کە بە چاوی خۆیان ببینن کە چۆن بەرهەمیان هاتووتە سەر ساجی عەلی و تەکنەلۆژیایان پەکیکەوتووە و بیرۆکراتییەت وەک مۆڕانە لە کۆمەڵگای داوە و خەڵک و خوا هاواریان لێ هەڵساوە. لە ئاکامدا، بە شەووڕۆژێک دەوڵەت داڕما، چونکە لە تونێڵی 'ئایدیۆلۆژیدا" دەخوولانەوە، دوور لە واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان. ئەمەیش ڕێگربوو لە هەر چاکسازییەک کە ئەنجام بدرێت. جا ئەوەی ڕوویدا، ڕوویدا.

لە هەوڵگەریدا:
شکستی هەواڵگریی ئەمریکا پێش ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١:
دیدگای تونێلی: دەزگا ئەمریکییەکان(CIA، FBI)، هەموو هیز و توانای خۆیان لە چاودێری کردنی وڵاتە نایارەکانیان چر کردبۆەوە و چاویان لەسەریان بوو، قەت بە خەونی شەوانیش لەو باوەڕدا نەبوون کە ڕەنگبێ گرووپی نادەوڵەتی بتوانن دەست لە وڵاتەکەیان  بوەشێنن، لە کاتێکدا بە چاوی خۆیان دەیان بینی کە لە پەیمانگاکانی خۆیان  تاقمە توندڕەوەکان  وا  خەریکی مەشق و ڕاهێانن لەسەر  لەسەر فڕینی فڕۆکە.
لە ئاکامدا، زانیارییە کاریگەرەکان پشتگوێخران،  هەر دەوڵەتە نەیارییە سونەتییەکانیان بە هەڕەشە دەزانێ. تا ئەوەی قەوما، قەوما و کارەساتیان بەسەر هات.

لە بواری  کارگێڕی و ئابووریدا:
1)بەڕێوەبەری کۆمپانیا، گەرچی زەرەری کووشندەی بە قەپرغەی کەوتووە، وا تیگەیشتوە کە چۆن جاران سەرکەوتوو بووە، هەر سەرکەوتوو دەبێ، گەرچی هەموو شتێکی دەورووبەریگۆڕاوە. ئەمە بەسەر کۆمپانیای "نۆکیا"داهات، چونکە هەر تەماشای ئەزموونی خۆی دەکرد.
2)دامەزراندن لەسەر هەمان بنەما و پاشخانەکانی خۆیان، یەک زەڕرە گۆڕانکاری ناکەن و نابینن، کەسێک دادەنێن، کتومت، شێوەی کەسی پێشوو بێ، لە کاتێک دا ئەوەی پێشوو کەسێکی بێکەلک و بێ وەج بووە.
3)قەیرانی کۆمپانیای "کۆداک لەڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ هی دیجیتاڵ"
دیدگای تونێڵی:  کۆداک، داهێنەری وێنەی فۆتۆگرافی و فیلم و کاغەز و کەرەستەی کیمیاوی، سەت ساڵ لەسەر یەک نەخشە ڕۆیشت، وای دەزانی کە دیجیتاڵ ناتوانی جێ بەو لەق بکات و جێی بگرێتەوە. بەوەش کۆداک ئیفلاسی کرد و مایەپووچ بوو.

نموونەی دەروونی و کۆمەڵایەتی:
1)کەسێک هەر باوەڕی بە تیۆریی پیلانگێڕی و موئامەڕە هەبێت:
قەت چاوی هیچ شتێک نابینێت لە غەیری ئەوەی کە پەیوەستە بە موئامەرە لێکردن. ئەمەشە نەخۆشییە هیسترییەکەی دیدگای تۆنێلە، کتومت.
2)توندڕەوی:
کەسی توندڕەو وا تێدەگا کە هەر یەک حەقیقەت هەیە، ئەوەیش لە لای ئەوە. ئەمە هیچ سین و جیمێک هەڵناگرێ، گوتی تیژ، یانی تیژ!
3)باڵباڵینی سیاسی و دەنگدانەوەی ناو ئەشکەوت: وەک ئەمەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. وەک ئەلگۆریتمەکان شتەکان لە سەر مێشکیان نەقش بوو، ئەگەر لیبراڵ بیت تەنها پۆستی لیبراڵ دەبینیت. ئەگەر کۆنەپەرست بیت، تەنها ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانە دەبینیت. ئەمەش "تونێل"ێکی دیجیتاڵی دروست دەکات کە هەر بیروبۆچوونەکەی خۆت تۆغتر دەکەن.
لە ئاکامدا، جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی تونتر دەبێت، دەرگای دیالۆگ و لێکحاڵی بوون دادەخرێت، هەر کەس لە حەقیقەتی خۆیدا دەژی و چاوی کەسی دیکە نابینێت. هەتا سەبینێ بە ئەقڵ و لۆژیک قسەی بۆ بکە، هەر بایەوە لەم گوێیەکەی دیکەی دەردەچێت.

4)ڕەگەزپەرستی لە ئەمریکا:
لە سەردەمی جیاکاریی لەسەر بنەمای ڕەگەزیدا، بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئەمریکا، بە چاوی سووک تەماشای ڕەشپێستەکانیان دەکرد، وەک ئەوەی ئەوان مرۆڤ نەبن. ئەم دیدگا تونڵییە کۆمەڵایەتییە چاوی بەستن لەوەی کە یەکسانی دیارێکی خوداوەندییە بۆ هەمووان. دوای چەندان ڕاپەڕین و خوێنڕستن جا لەو حەقیقەتە تیگەیشتن و ئەم تونێلە دەرگای داخرا.

5)ڕۆشنبیریی بازاڕیی:
لەم سەردەمەدا،  هەنە پێیان وایە کە دەستکەوتی ماددی و سەروەت و سامان تاکە حەقیقەتی ژیانن، ئەمەش چاوی گرتوون لەوی کە هونەر و ئەدەب و کەلتوور و لایەنییە ڕوحییەکانی دیکەی مرۆڤ و ژیان  ببینن.

6)خواستنەوەی فیکر و فەلسەفە:
کاڕل پۆپپەر:"هیچ تیورێیک پشتڕاست ناکرێتەوە، تا نەتوانرێت نەفی لێ بکرێت."وا تا گومان بۆ گەیشتن بە حەقیقەت پێویستە.
هایدگەر:"مرۆڤ بوونەوەرێکە لەم جیهانەدا، مەرجە هەبێ، با بیبینیت."، واتا حەقیقەت بابەتییە و ڕەها نییە.
بۆدریلارد: "ئێمە لە ھاوشێوەکردنی حەقیقەتدا دەژین نەک حەقیقەت."


بۆ پسپۆڕان:
 جێبەجێکردنی پڕۆگرامی "کونتی'ی مەعریفە لەسەر ئەم بابەتەدا، پشت بە کۆوانتی "نادڵنایی" دەبەستێت. هیچ حەقیقەتێکی یەقینی تاقانە نییە.هەموو حەقیقەت بەندە بە گۆشەی بینین و شوێنی چاودێرەوە، وەک لە فیزیای کوانتەمدا هەیە.
لە توانای مەعریفەیدا، مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە لە یەک کاتدا زیاتر لە بۆچوونێک یان تێڕوانینێک لەخۆبگرێت، بەڵام بینینی تونێل ئەم توانایە لێ زەفەت دەکات و  هۆشیاریی بەرتەنگی  ناچار دەکات "دۆخێکی تاک" بگرێتەبەر، وەک ئەوەی یەک  پێوانە هەبێت  و ئەگەرەکانی دیکە فڕێدرابن.
کاتێک کەسێک تەنها ئەو شتانە هەڵدەبژێرێت کە باوەڕیان پێیەتی و باقیەکەی پشتگوێ دەخات، هەرچی دیدگای دیکە هەیە دەیخاتە یەک تۆنێڵەوە و دەرگای قوفڵ دەدات.

سەرچاوە:
facebook.com/hashtag/الرؤيةالنفقية













ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی