حوکمڕانی مەسرور بارزانی، حەقیقەت و چانس

24/09/2025

ئاسۆ حاجی


گواستنەوەی عەقلیەتی شۆڕش لە شاخەوە بۆ شار، بە درێژایی زیاتر لە سی و چوار ساڵ گەورەترین ئاڵنگاری بووە، کە بەرۆکی ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و حوکمڕانی کوردستانی گرتووە.
لەو مێژووەدا،  ئازادی ئەگەر گرنگترین پێداویستی ژیان بوو بێت، بەڵام تاکە پێداویستی گرنگ نەبووە و نیە، بەڵکو:
- گەنجان چاویان لە کارە.
- خەڵک چاویان لە خزمەتگوزاری باشتر و زۆرترە.
- کارەبای بیست و چوار سعاتیان دەوێت.
- ئاوی خوارنەوەیان پێویستە.
- شەقام و شاڕێگای نوێیان دەوێت.
- کەرتی کشتوکاڵی و ژینگە پێویستیان بە پەرەپێدان هەیە.

لەو ڕۆژەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی حکومەتی وەرگرتووە، ڕێگای حوکمڕانی گوڵڕێژ نەبوو، بەڵکو ڕێگایەکی سەخت و دژوار بووە، چەندین دۆسیەی یەکلانەکراوە هەبووە. دەستی بۆ هەر دۆسییەیەک دەبرد، دەیان لوغمی بۆ داندرابۆوە:
- دۆسیەی نەوت و موچە.
- دانوستان لەگەڵ بەغدا.
- لەوانەش گرنگتر و هەستیارتر، نەوەی ئێستایە کە لە سەردەمی دیکتاتۆریەت و زولم بەعس نەژیاون، واتا زۆر تەماشای ڕابردوو ناکەن، بەڵکو بە ئومێدی داهاتووێکی گەشتر تێدەکۆشن.

لە سەرەتاوە هەتا هەنووکە، مەسرور بارزانی، لە ناو ململانێیەکی دوولایەنە دایە:
- بەرەی ناوخۆیی بەرامبەر هەندێک لایەنی سیاسی و دەزگایی میدیایی کە هەست کردنیان بە بەرپرسیارێتی ویژدانی و ئەخلاقی لە ئاستێکی نزم دایە.
- بەرەیەکی دەرەکی کە لە کۆمەڵێک هاوکێشەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئاڵۆز پێکهاتووە.

لە نێو ئەو ئاڵۆزیی و ئەو دۆخە تەمومژاوییدا، مەسرور بارزانی چرایەکی ئومێدی هەڵکرد:
- ژمارەیەکی یەکجار زۆری پڕۆژە دەستیان پێکرا، کە ژێرخانی حوکمڕانیان بەهێزتر کرد.
- کار بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی دیجیتاڵی دەستی پێکرد، پلانسازی بۆ پێشخستنی خوێندن لە ئاستە جیاوازەکان کرا.
- کەرتی وەبەرهێنان گەشەی کرد و گەشایەوە.
- تا ئەوپەڕی تواناشەوە بەپیر چاوەڕوانی و داوای لاوانەوە چوو.

مەسرور بارزانی باوەڕی وایە و دەزانێت کە پڕۆژەکان بە ژمارەی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان پێوانە ناکرێن، بەڵکو ئەو کاتانە دەست پێدەکەن کە کامێڕاکان دەکوژێندرێنەوە. ئەوەش دەزانێت کە نەوت داهات و ئافاتە لە یەک کاتدا، هەر هەنگاوێک لەو بوارەدا جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە، دواخستنی هەر هەنگاوێکیش واتا قەیرانێکی دیکە، بۆیە هەنگاوەکان پێویستیان بە بە دیقەت و بڕیارەکانیش بە حیکمەت هەیە.
مەسرور بارزانی باوەڕی وایە ئایندە تەنها لە هۆڵەکانی کۆبوونەوە دروست ناکرێت، بەڵکو لە بیر و مێشکی منداڵێک دەست پێدەکات، کە یەکەمین دێڕی دەربارەی خۆشەویستی نیشتیمان فێردەکرێت، بە شێوازێک کە تێبگات ئەوە جوانترین حەقیقەتی ژیانە.

ئەوەی دونیابینی و حەقیقەتی حوکمڕانی مەسرور بارزانی، کە بنیاتنانی وڵات و دەوڵەت و مسۆگەرکردنی ئایندەیە ئەو میللەتەیە. جا ئەگەر کەسانێک، با محاشخۆری ئەو بن و بە ناوی ئەویش قسان بکەن، بەرام کە نەزانن ئەو حەقیقەتە بڵێین، ئەوە گوناحی ئەو نیە، بەڵکو چانسە و نایهێنێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی