ئێران و پارتی بەرەو پەیوەندیەکی نوێ

07/03/2018

هێمن حەسەن

ئێران و پارتی دەرگاکانی پەیوەندیەکی نوێ بەڕووی یەکتردا دەکەنەوە، گفتوگۆکان هەن بۆئەوەی هەردوولا لەناوچەکەدا سود لە یەکتر وەربگرن بۆ پاراستنی  بەرژەوەندییەکانیان، رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی پێویستبوونی دروستکردنی ئەم پەیوەندییە نوێیە ئەوە بێت، ئێران هێزێکی ئەوتۆی لەناو هەرێمی کوردستان نەمابێت کاری لەگەڵ بکات و کاریشی پێ بکات، چونکە هاوپەیمانە دێرینەکەی کە یەکێتییە وەک جاران نییە و کەڵکێکی ئەوتۆی بۆ ئێران نەمابێت، هەرچەندە هێشتا ئێران دەستی لێبەر نەداوەو پێ ناچێت دەستیشی لێبەر بدات، بەڵام ئەم پەیوەندییە نوێیە چەند هۆکارێکی گرنگی دیکەشی هەیە کە لەمانەی خوارەوەدا روونی دەکەمەوە، بەشێکی زانیارین و بەشێکی تریشی شیرکردنەوەی خۆمە:
یەکەم: ریفراندۆم
 پێش ریفراندۆم، تورکیا دوور لە چاوەڕوانی پارتی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی مەسعود بارزانی نەکرد، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمیش جگە لەوەی پشتی کردە پارتی، یارمەتی حکومەتی عێراقیشیدا بۆ هەڵگرتنی چەند هەنگاوێک لەدژی هەرێم، بۆ ئەمەش پارتی باشترە بڵێین بارزانی پێویستی بە تۆڵەکردنەوەیەک بوو لە تورکیا، بۆیە لێرەوە بارزانی بیری لە رێگەیەکی نوێکردەوە بۆ ئەو تۆڵە کردنەوەیە، نزیک بوونەوە لەئێران و دروستکردنی پەیوەندیەکی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەو رێگەیەیە کە بارزانی دەتوانێت تۆڵەی پێ لە تورکیا بکاتەوە یان تورکیا ناچار بکات فشارەکانی سەری هەڵبگرێت و دووبارە بگەڕێتەوە سەر مێزەکەی بارزانی.
دووەم: فشارەکانی تورکیا
 تورکیا قەرزێکی چەند ملیۆن دۆلاری لای حکومەتی هەرێمەو دەیەوێت ئەو قەرزە وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەش دەستیگرتووە بەسەر داهاتی نەوتدا و جگە لەوەی بەشە قەرزەکەی خۆی دەگێڕێتەوە، رێگەش بە هەرێم نادات بەشەکەی تر لە بانکەکانی تورکیا دەریبهێنێت، ئەم فشارە هێندەی تر پارتی و بەتایبەت بارزانی نیگەران کردوە، دەکرێت ئەمەش دووەم هۆکارە بۆئەوەی بارزانی زیاتر لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکاتەوە.
ئەم دوو خاڵەو چەندین خاڵی دیکەش پاڵی بە بارزانییەوە ناوە لەماوەی چوار مانگی رابردوودا چەند کەسێک لە بنەماڵەکەی و کەسانی سەر بە پارتەکەی رەوانە ئێران بکات، ئەوەی زانیارییە نزیکترین سەردانیش ئەوەبوو کە هەریەکە لە سیداد بارزانی و نەوزاد هادی و چەند کەسێکی دیکەش سەردانی تارانیانکردوەو لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئێران چەند جارێک سەردانی پیرمامیان کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی پارتی تا بگەنە رێککەوتنێکی نوێ.
زانیارییە دزە پێکراوەکان ئەوەن پارتی دوو قسەی سەرەکی بە بەرپرسانی ئێران وتووە:
١- پارتی لەرووی ئابوری و بارزگانییەوە دەتوانێت باشترین پەیوەندی لەگەڵ ئێران دروست بکات و تەنانەت ببێتە رێڕەوێکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی  هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.
٢- لەرووی سیاسیشەوە، پارتی ئەوەی یەکێتی نەیتوانیوە بۆی بکات ئەوان دەتوانن بۆ ئێرانی بکەن جا چی لە هەرێم و چی لەبەغدا.
ئەم نزیکبوونەوەیەی ئێران و پارتی هێشتا نەبووەتە رێککەوتنێکی نوسراو ئیمزا لەسەرکراو، بەشێکی هۆکارەکەش ئەوەیە، هەم ئێران زۆر متمانەی بە پارتی نییە، هەرچەندە پارتی کە هەر بەڵێنێکی بەلایەنێکی دەرەکیدا دابێت کە بەرژەوەندییەکانی خۆی تێدا مەیسەر بووبێت، وەکو خۆی جێبەجێ دەکات، هاوکات پارتیش دەیەوێت ئێران وەک کارتی فشار لەدژی تورکیا بەکاربهێنێت تاکو تورکیا ملکەچ بکات بە هەڵگرتنی فشارەکانی لەسەر پارتی لەوانە رێگەدان بە دەرهێنانی پارەی نەوت لە بانکەکانی تورکیا، هەمیش دەست لە پشتیوانی هەنگاوەکانی عەبادی هەڵبگرێت لەدژی هەرێم، مانگی رابردوو حەیدەر عەبادی بە فەرمی داوای لە تورکیا کرد پارەی نەوتی هەرێم کە لە بانکەکانی تورکیادایە رادەستی حکومەتی عێراق بکاتەوە، بەڵام تورکیا داواکەی عەبادی رەتکردەوە و پێیانوتووە تاکو پارەی قەرزی خۆیان لە هەرێم وەرنەگرنەوە دەستکاری ئەو پارانە ناکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراقیش ئامادەیە قەرزەکانی هەرێم بداتەوە ئەوا ئەوان ئامادەن پارەکە رادەستی بەغدا بکەنەوە، بەڵام عەبادی رازی نەبووە، بۆیە تورکیاش پارەی نەوتی هەرێمی رادەستی عێراق نەکردوەتەوە.
ئێستا ئێران و پارتی لەسەرەتای تاقیکردنەوەی ئەو پەیوەندییە نوێیەدان هەردوولا چاوەڕێ دەکەن، ئایا راستگۆن لەگەڵ بەڵێنەکانی یەکتردا، پارتی بۆ ئەوە دەبێت چەند ئاماژەیەکی کرداری پیشانی ئێران بدات کە نیەتی جدی هەیە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بباتە پێشەوە، بەڵام مەرج نییە پارتی تەنیا ئەمە بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئێران بکات، بەڵکو رەنگە تەنیا بۆ ئەوە بێت  پیشانی تورکیای بدا کە تورکیاش نەبێت هێزو وڵاتی دیکە هەن پەیوەندی لەگەڵدا ببەستێت و بەرژەوەندیەکانی تورکیاش بخاتە مەترسیەوە.
ئەمڕۆ لەناوەندی رۆژنامەوانی تورکی و کوردیدا دوو بابەت باس دەکرێت لەسەر هۆشدارییەکانی پارتی بەرانبەر تورکیا و پەیوەندیە نوێیەکەی لەگەڵ ئێران:
١-ماوەیەکە پارتی کرانەوەیەکی سنورداری بەرووی رۆژئاوای کوردستاندا دەستپێکردوە، ناوە ناوە گروپ و شاندی جیاجیا لە هەرێمەوە سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکەن، جگە لەوەش باس لە گواستنەوەی چەک لەسنوری پارتییەوە دەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە بۆ یەگەپە و یەپەژە، مانگی رابردوو پەرلەمانتارێکی پارتی وتی، پارتی بڕیاریداوە سنورەکانی بۆ رۆژئاوای کوردستان بکاتەووەو هەموو هاوکارییەکی مرۆیی بچێتە رۆژئاوا، لەگەل ئەوەشدا پەرلەمانی کوردستان شاندێکی رەوانەی عەفرین کرد، لەکاتێکدا کە سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمانی کوردستان بەدەست پارتییەوەیە، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی پەرلەمان پارتی بوو کە قسەکانی زۆر توندتر بوون لە پەرلەمانتارەکانی دیکەی شاندەکە بەرامبەر لەشکرکێشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین، سەرەڕای ئەوەش میدیاکانی پارتی بە ئەندازەیەکی زۆر پاشەکشەیان لە هێرشەکانیان بۆسەر پەیەدە کردوە، تەنانەت گەیشتووە بە ئاستێک، ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە ستایشی کەناڵی کوردستان ٢٤ دەکات کە کەناڵی مەسرور بارزانییە، لەسەر ئەو روماڵانەی  لەبارەی عەفرینەوە دەیکات و ئامۆژگاری کەناڵە کوردیەکانی دیکەی هەرێم دەکات چاو لەو کەناڵە بکەن، ئەوەش کرانەوەیەکی نوێیبە بەرووی رۆژئاوادا، ئەمەش فشارێکی پارتی بۆ سەر تورکیا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
٢-چەند کەسایەتیەکی رۆژهەڵات و چەند پارتێکی رۆژهەڵاتی کوردستان گومانیان لەو تیرۆرکردنانەی کەسایەتی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە لەناو هەرێمی کوردستان، ئەوانیش تیرۆرکردنی(سەباح رەحمانی) لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ( قادر قادری) لە حزبی دیموکراتی کوردستان، ئەوان وایدەبینن هەردوو کردەوە تیرۆرەکە لە هەولێرو باڵەکایەتی لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوەو بە ئاسانکاری پارتی بووە،بەڵام ئەمە تەنیا لە چوارچیوەی گوماندا ماوەتەوە، ئێستا ئەو دوو پارتەی رۆژهەڵات چاوەڕێی لێکۆڵینەوەو وەڵامی هێزە ئەمنییەکان دەکەن کە چۆن و کێ کردویەتی، بەلام دوور نییە چارەنوسی ئەوەش وەکو رووداوەکانی دیکە دەبن کە لەناو پارتەکانی  رۆژهەڵاتدا روویانداوە، ئەم بابەتە لەلایەن هەندێک چاودێرانی سیاسی و بەشێک لە کەسایەتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت پیشاندانی نیەت پاکی و نیەت باشی پارتی بێت بۆ نزیکبوونەوەی لە ئێران.

 

هێمن حەسەن

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە