١٦ی ئازار یادی ئازار

14/03/2019

عومەر محەمەد

گومان دەكەم یادی هەڵەبجەو ئەنفال بكرێتەوە، گازبارانی هەڵەبجە ئەگەر بۆكورد ئازاربوایە دەبوو بیرێك لە سارێژكردنیشی بكرایەتەوە.

یادەوەری ئەگەر نەبووە هەوێنی دادپەروەری و شكۆی مرۆڤ، دەبێتە سوكایەتی و درۆیەكی گەورە كە هێندەی ١٦ی ئازارو ١٤ی نیسان بە ئازاربێت .

ئەگەر لە رۆژانی یادەوەری تاوانەگەورەكاندا، هەر كەسەو لەئاستی خۆیەوە تەنها یەك درۆی لە خۆی دابماڵیایە، ئێستا دەبووینە راستگۆترین نەتەوەی سەرزەمین .

بەڵام ئەفسوس ! یادی ئەنفال وهەڵەبجە زۆرترین درۆی تێدا دەكرێت، هەربەڵێنەو دەدرێ وئیدی بەهایەك بۆ قسەو بەڵێن نامێنێتەوە .

كۆمەڵەو رێكخراوەكانی تایبەت بە دۆسێی ئەنفال وهەڵەبجە ئەگەر خۆیان بەشێك نەبن لە بەڵێندەران ئەوا لەهەمووان بێ باكترن لەوهەموو بێ بەڵێنییە. 

سەیرە ! ئەو رێكخراوانە بێباكن لەو حەشرەی راگەیاندن بە دۆسێكەو بەقوربانیەكانی دەكات ؟

بێباكن لەو گۆڤارو رۆژنامەو كتێبانەی پڕن لە دزی وفزی و گزی و پەرەگرافی ناراست و چەواشەكار !

وەرن با یاد بكەینەوە، نەك بە درۆوە وای نیشان بدەین كە خەمبارین .

وەرن با ئیدی هەرهیچ نەبێت لەو رۆژانەدا مرۆڤی بەمۆراڵ وبە ویژدان بین.

عومەر محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی