ئیبراهیم ئەحمەد، رێبەرێكی نوێخوازی بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد

04/04/2019

رێبین عومەر

ئێمەی كورد هەمیشە شانازی بە سیمبولی نەتەوەكانی تری دنیاوە دەكەین ، بەلامانەوە ئاساییە شۆڕشگێڕەكانی خۆمان بە ماندێلاو چێ گیڤارا بچوێنین و حەقیان وەك خۆیان نەدەینێت كەسایەتی راستەقینەی خۆیان وون كەین و بەرگی كەسایەتی و سیمبولی نەتەوەكانی تریان لەبەركەین، ئەگەر حەق هەبێت و وەك خۆی نەخشی راستییەكان بكات و رووداوەكان وەك گەواهیدەرێك بگێڕێتەوە، ئەوا ئێمەی كورد خاوەنی سەدان و هەزاران چێ گیڤاراین و خاوەنی سەركردەی سەنگینی هاوشێوەی وەك ماندێلاو جۆرج واشنگتۆن و ماوسیتۆنگ و .....هتد.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كە زۆركات مێژووی نەوێی نەتەوەكەمان وەك خۆی حەقی نەداوەتێ یان وەك پێویست ئاماژە بەو وەرچەرخانە مێژوویە نەكراوە كەلەسەر دەستی ئەو شۆڕشی گەلەكەمان لە شۆڕشی هۆز و گوندەوە بووە شۆڕشی شارو عەقڵ و مەنتیقی بەهاداری ستراتیژی.

لەودیدەوە مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد،بیرمەندو گیانی پڕبەهای نیشتمانی بزوتنەوەی رزگای خوازی میلی كوردبووە كە وەك باوكی شۆڕشگێڕی نەتەوەی كورد ناسراوە و لەسەر دەست و بیروباوەڕی گەلێك گۆڕانكاری گەورە لەرەوتی شۆڕشگێڕی كوردی لەگشت بوارەكان كرا، رەنگبێت زۆركات مێژوو بەهۆی ئەوەی براوەكان و ترسنۆكەكانی جەنگ دەینوسنەوە حەق و راستی رووداوە مێژوویەكان وەك خۆی ئاماژە پێنەكەن، ئەگەرنا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەو بیرمەند و سەركردە گەورە سیاسیانەی جیهانە كەڕەوتی مێژووی گەلەكەیانیان گۆڕی و تائەندازەیەكی زۆر هۆشی خستەوە بەر لاشەی نوستووی گەلێكی بەش مەینەت و پارچە پارچە كراو لەمێژووی سیاسی ئێمەدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەباوكی نیشتمان پەروەری نێوزەند دەكرێت شۆڕش لەمێژووی سیاسی ئەوە توانی فۆڕمی خێڵ و دەرەبەگ و مەلا تێپەڕبكات و ببێتە شۆڕشی گەل و نەتەوە.

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد یان رێبەری رووناكی لەو سیاسیاسەتمەدارانەی گەلەكەمانە، كەزۆرینەی تەمەنی شۆڕشگێڕی خۆی لە برەودان بە توانان و ووزەی شۆڕشگێری دژی ستەم كاری ئەو رژێمە سەردەستانە تەرخان كردووە كە كوردیان لە سادەترین حەقی نەتەوەی لێ بێبەشكردووە.

 تاگۆچان تێكۆشان
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەپێناو ئەوەی تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەژێر یەك سەیوانی سیاسی كۆببنەوە و ببنە خاوەن یەك گووتاری نیشتمانی شۆڕشگێڕیی و پێكەوە دژی داگیركەرانی كوردستان بوەستنەوە. 

لەبەرئەوەش بەبەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لەهەربارێكەوە تەماشایی بكرێت بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كورد شایستەی ئەوەیە كەلە ئاستێكی بەرزدا فیداكاری گەورەی بۆ ئەنجام بدەیت و برەو بەئاستی تێكۆشانی نەتەوەی تێدا بدەیت، تاگەیشتن بەسەربەستی و رزگاری نیشتمانی. 

مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەهای روانیویەتی كە كێشەی نەتەوەی كورد كێشەیەكی ئینسانییەوە پەیوەستە بەماف و حقووقی گەلێكی چەند ملیۆنی لەسەر رووی زەوی كە رژێمەكان بەبەردەوامی هەموو رێگەیەك بۆ قەڵاچۆكردنی دەگرنەبەرو نایانەوێ كە كورد بەهیچ كلۆجێك بگاتە مافەڕەواكانی خۆی.
 
لەو بارەیەوە وەها شرۆڤەی بیرو بۆچوونەكانی كردووە دەڵێت: هەموو كوردێك برای منەوە و پێیان رادەگەیەنم: كە راسترین رێگە رێگەی بەرخودان و شۆڕش گێڕییە بۆ سەرخستنی كوردایەتی، بۆیە هەرگیز لەسەر ئەو رێگەییە هەست بەگومان نەكەن، چونكە لە هەربارێكەوە لێی بڕوانیت راسترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە حەقی گەلێكی بن دەست، چونكە ئینسانیترین رێگایە، دیموكراتی ترین رێگەیە، ماركسیانەترین رێگەیە، محەمەدیانەترین رێگەیە، مەسیحیانەترین رێگەیە، بۆچوونی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وەها شرۆڤەدەكرێت كە هەموو بیرو باوەڕە دنیاییەكان لە راستەوە تاچەپ، لەگەڵ ئەوەدان كەگەلان لەسێبەری خۆیاندا بژین و بن دەست نەبن و ماف خوراو چەوساوە نەبن و بەحەق و حقووقی نەتەوەی خۆیان بگەن.

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی