نەخشەی ستراتیژی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین‌و ئەنجامە پێشبینیكراوەكانی

28/04/2019

كەمال محەمەد

لە پێناو بەدەست هێنانی ئامانجەكانی خۆی لە میانەی خاوەندارێتیكردنی ئابورییەكی جیهانی دەستدرێژكەر ،ئەمریكا  لە رێگەی پرۆژەیەكەوە كە بە گۆڕانكارییەكانی سەدە ناسراوە  نەخشەیەكی بۆ گۆڕانكارییەكانی چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوین ئامادە كردوە ،ئەمە لە كاتێكدا كە ناوچەكەو جیهان دابەش بوون بەسەر دو جەمسەری بلۆكدا ،بۆیە ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەی گۆڕانكارییەكی جیۆپۆلەتیكییەوە سیستەمی سیاسی جیهانی و بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دوجەمسەرییەوە بكات بە تاك جەمسەری و باڵادەستی ئەمریكا ،لێرەدا ئەمریكا مەبەستێتی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە پارادۆكسێكی زۆر ئاڵۆز و تەنگەژەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتیدا بێت لە ناوخۆی وڵاتەكانی ناوچەكە.

بۆ ئەوەی    نەتوانن تواناكانی خۆیان بخەنە خزمەتی خۆیانەوەو سەقامگیری و ئاشتی لە ناوخۆ و ناوچەكە مسۆگەر بكەن ،بۆیە پرسی ستراتیژییە سەربازی و ئابوری و جیۆپۆلەتیكییەكان هەمیشە گەورەترین خەمی ئەمریكا بوە لە ناوچەكەدا ،ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەراست لە قەیرانێكی  قوڵی سیاسی و ستراتیژیدایە ،ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت گۆڕانكارییەكانی  جیهان گەرایی و شەری سەرمایەدارە ئیمپریالیستەكانە كەهەریەكەیان ئەیانەوێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكان و مۆدێلی قەوارەی سیاسی تایبەت بە خۆیان دابڕێژنەوە.

بەهۆی ئەوەی كە رۆژهەڵاتی ناوەراست ناوچەیەكی گرنگە بۆ سەرچاوەكانی ووزە ئەمە وای كردوە كە زلهێزەكان بیكەنە پێگەیەك بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ ناوچە نەوتی و ستراتیژییەكانی چەقی رۆژهەڵاتی ناوەراست كۆنتڕۆڵ بكەن و هەریەكەیان بیكەنە سەنتەری ئەو پرگالەی  كە نەخشەی سیاسی خۆیانی تێدا دابڕێژنەوە .هەڵوەشاندنەوەی هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكەو بەهاری عەرەبی و شەر و خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی وڵاتان  پەیوەندی بە هێنانەدی ئامانجە ستراتیژییكانی زلهێزەكانەوە هەبو لە ناوچەكەدا.

واتە شەرەكان لە شەری راستەوخۆوە گۆڕابون بۆ شەری بەوەكالەت ،بێگومان ئەم رەوشە سەرچاوەی خۆیان لەو دەوڵەتانەوە دەگرێت كە مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییان دروست كردوە ،ئەو نەخشە سیاسییەی كە ئەمریكا بۆ ناوچەكە دروستی كردوە هێندە گرنگی تێدا نییە كە لە چوارچێوەیەكدا مافی هاوڵاتیبون و ئازادی و مافە بنەرەتییەكانی مرۆڤەكان بپارێزێت ،چون سیاسەتی ئیمپریالیستییەكان بۆ هەر كات و قۆناغێك كەم بونەوەی رێژەی دانیشتوانە بۆ ئەوەی زۆرترین سەرمایەیان بەدەست بكەوێت ،ئێستا ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەبینرێت پارادۆكسێكی سەیرە ،لەلایەك ئەو وڵاتانەی كە ئەمریكا خۆی بە رزگاركەری ناوزەند ئەكات  دوبارە لە هەوڵی ئەوەدان پێچەوانەی ستراتیژیەتی ئەمریكادا بن  ،بە نمونە هەژمونی ئێران بەسەر چەند وڵاتێكی ناوچەكەداو  باڵادەستیان لە كەنداو هەرەشەكانی  رێرەوی گواستنەی نەوتی یەمەن لەدەریای سور و باڵادەستیان لە كابینەكانی حكومەتی پێشوی عێراق پشتگیری حیزبوڵای لوبنان و دەستوەردانەكانی لە سوریا و  لە ئاسیای ناوەراستیش  هاوپەیمانی روسیاو چین و چەند لایەنێكی بلۆكی روسی شەڕ لەسەر سەپاندنی  باڵادەستی خۆی  لە روی ستراتیژی و هەژمونگەرایی و سەرچاوەكانی وزە دەكات ،ئەمەش بۆ ئەمریكا هیچ كات مایەی قبوڵكردن نییە بۆیە ئەمریكا راستەوخۆ  هەژمونی خۆی لە ناوچەكە دەستپێكردەوەو توانی تا رادەیەك عێراقی ئێستا لە روی دیبلۆماسی و سیاسییەوە لەگەڵ ستراتیژیەتی خۆی بۆ گۆڕانكاریی جێۆپۆلەتیكییەكان بگونجێنێت .

ئەمریكا پێشتر لە دروستكردنی دەوڵەتێكی جولەكە ئیسرائیلی ئێستا چەندین مەبەستی گرنگی هەبو كە گرنگترینیان ململانێكانی بلۆكی روسی و لێدان لەو قەوارە عەرەبیانە بوكە هاوپەیمانی ئەو بلۆكە بوو ،بۆیە ئەمریكا لە نەخشە نوێیەكەیدا ئامانجی دروستكردنی قەوارەیەكی دیكەی بەهێزی نوێیە لەپاش گۆڕانكارییەكان كە زۆربەی ئاماژەكان بۆ دەوڵەتێكی كوردی ئەچێت ،بۆیە ئەگەرێكی زۆرە ئەو وڵاتانەی كوردی تێدا دابەشكراوە ببێتە قوربانی ئەم هاوكێشەیە،بە پێی راپۆرتەكان و ستراتیژییەتی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لەم دواییانەدا خۆی لە سەپاندنی سزایەكی نوێ و قورسی ئابوری و پچرانی پەیوەندییە بازرگانییە نەوتییەكانی ئێران و وڵاتانی دیكەوە ئەبێت ،بە مەبەستی فشارخستنەسەرئێران و تێكدانی ناوخۆی ئەو وڵاتە و دانانی سنورێك بۆ خواست و دەسەڵاتە هەژمونگەراییەكەی ،بۆیە ئەگەرێكی بەهێزە پارسەنگی هێزی ئیمپریالیستەكان گۆڕانكارییەكان خێراتر و مەترسیداتر بكەن لە ناوچەكەدا.

بۆ ئەوەی پریشكی ئەو روداو و پێشهاتانەی كە چاوەروان ئەكرێت وەك دەرەنجامیێك لە ساتی سەپاندنی سزاكانەوە تا دوایی  بێتە ئاراوە راگرتنی هاوسەنگی هێز و سیاسەتێكی راست و دیلۆماسییانەیە لە لایەن عێراقەوە بۆ ئەوەی نەبێتە لایەنگری لایەنێكیان و هۆكاری ئەنجام گەلێكی نەخوازراوی ناوخۆیی و پەیوەندییە دەرەكییەكانی لێ بكەوێتەوە ، و هەوڵی ئەوە بدات تا ئەوپەری بەرژەوەندییەكانی خۆی لەسەر هەردو وڵاتی شەركەر مسۆگەر بكات ،تەنانەت ئەمە بۆ كوردەكان و باشوری كوردستانیش  راستە ،چون ناوچەكە لە ژێر تاقیكردنەوەو گۆڕانكارییەكی جیۆپۆلەتیكی قورسدایە ،بۆیە پێشبینیكردن بۆ دەرەنجام و روداوەكان بۆ ئەمریكاو كارەكتەرە جیهانییەكان بە پێی پارسەنگی هێز و گۆڕانكارییەكانەوە بەندە لە داهاتودا ،كە ئایا سەپاندنی سزاكان و دەستێوەردانەكانی ئەمریكا لە میانەی نەخشە سیاسییە دارێژراوەكەیەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین ئەچێتە خانەی سەركەوتنەوە یاخود نا ،با چاوەروان بین .

كەمال محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی