بەڵێ، بەغدا قووڵایی ستراتیژییە و حوزورێکی (هۆشیار)انەی دەوێت

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاریان فەرەج

لێدوانەکەی خاڵ هۆشیار زێباری بۆ کەناڵی (ئەلشەرقییە) دەربارەی "باوەڕهێنانی کۆی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەوەی کە بەغدا قووڵایی ستراتیژیی کوردستانە"، تەنیا گۆڕانکارییەکی تەکتیکی نییە لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بەڵکو پیادەکردنی ئەو لۆژیکە واقیعبینەیە کە دەڵێت: دەبێ کورد لە قووڵاییە ستراتیژییەکەی کە بەغدایە هێز و وزە و شەرعییەت و سەروەری بۆ هەرێمەکەی دەستەبەر بکات، ئەو لۆژیکەی ساڵانێکی درێژە نێچیرڤان بارزانی بێ وچان جەختی لەسەر دەکاتەوە. ئەم باوەڕهێنانە هاوبەشەی حیزبەکان کە خاڵ هۆشیار باسی دەکات، ئەگەرچی کۆدەنگییەکی درەنگوەختە و تاكە باوەڕێکی هاوبەشی نێوانيانه‌ لەنێو دەریایەک ناکۆکیدا، بەڵام تێگەیشتنێکی ژیاری و گرنگە و هاوتەریبە لەگەڵ پێناسەی زانستی سیاسەت بۆ چەمکی (قووڵایی ستراتیژی)؛ کە وەک فەزایەکی یاسایی و دەستووری و ئابووری لێکدانەوەی بۆ دەکات کە قەوارەکان بۆ چەسپاندنی شەرعییەت و مسۆگەرکردنی مانەوەیان پێویستییان پێیەتی و پشتی پێ دەبەستن.

لە ڕاستیدا (جیا لە هەوڵ و خەبات و قوربانیدان)، ئەوەی ئەم هەرێمەی لە هەڕەشەی وجودی پاراستووە و وڵاتانی دراوسێ و به‌شێك له‌ وڵاتانى دیکەشی والێکردووە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و دان بە دامەزراوەکانیدا بنێن، ئەو پێگە دەستوورییەیە کە لە عێراقدا هەیەتی؛ هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە شەرعییەت و بوونی یاسایی خۆی لە دەستووری دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەردەگرێت. هاوکات، هەر لە پایتەختی ئەو وڵاتەش بەرژەوەندییە ژیارییەکان و ماف و بژێویی خەڵکەکەی نەخشەسازیی بۆ دەکرێت و یەکلا دەکرێتەوە. بۆیە هەمیشە پێویست بووە و پێویستە کە کورد لەوێ حوزورێکی بەهێز و کاریگەر و پڕ بەشداری هەبێت؛ ئەگەر پێشتر وانەکرابێت، هەڵە و کورتبینی و خەمساردی بووە.

لەم سۆنگەیەوە، ڕاسپاردنی خاڵ هۆشيار وه‌ك سیاسەتمەدارێکی دیار و شارەزای نەوەی زێڕین بۆ ڕووکردنە بەغدا و سەرپەرشتیی کاروباره‌كان—ئەگەرچی هەنگاوێکی درەنگوەختیش بێت—بەڵام هەنگاوێکی ڕاست و لۆژیکی و هاوتەریبە لەگەڵ پێویستییەکانی قۆناغەکە؛ چونکە دەرکەوت ئیدارەدانی هاوکێشە لێڵ و ئاڵۆز و فرەڕەهەندەکانی بەغدا، کارەکتەری موحەننەک، بەئەزموون و خاوەن پاشخانی قووڵی سیاسی و دیپلۆماسی دەوێت كه‌ بتوانێ پێگە و پەیوەندی و متمانە و هاوسەنگی بپارێزێ و ئه‌وه‌ى تێكچووه‌، دروستى بكاته‌وه‌.

دواجار لە سیاسەتدا هەمیشە هەر دید و ڕوانگەی ئەو سەرکردانە دێنەدی و دەبنە مایەی هاودەنگی کە واقیع وەک خۆی دەبینن، نەک وەک ئەوەی ئارەزووی دەکەن. بەڵێ، نێچیرڤان بارزانی گوتەنی: بەغدا قووڵایی ستراتیژیمانە. کورد بۆ ئەوەی لەو بەغدایە سوود و دەستکەوت و بەرژەوەندی بۆ کوردستان بچنێتەوە، دەبێ حوزورێکی (هۆشیار)انەی هەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە