ئەمریکا لە هورمز

28/04/2019

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

(۱) ــ
بەپێوەری واقیعی ناوخۆی ئێران ، ئەمریکا زۆر زەحمەتە جەنگی سەربازی و چەک و تەقەمەنی لەگەڵ ئێران بکات بەم زوانە. ئەمریکا ئێران لەناو نابات چونکە دوو چۆلەکە ڕاودەکات بەتیرێک: یەکەمیان ئەمریکا دەیەوێت ئێران بگوشێرێت و لاوازی بکات و لەجوڵەی بخات ، بەمەش هیلالێکی شیعی سست دەبێت. دووەم نایەوێت ئێران لەناوبچێت بۆ ئەوەی هەمیشە سعودیە چەکەکانی ئەمریکا بکڕێت و ئامادەبێت بۆ هەر ئەگەرێکی شەڕ لەنێوان سعودیەو ئێراندا.

(۲) ــ
هاتنی ئەمریکا بۆ هورمز، چەندە چەکی قورسی پێبێت و گڤەگڤیش بکات، گورزی سەربازی ناوەشێنێت، تەنها ڕێگرییە لەهەندێک جوڵەی بازرگانی کە ئەمریکا گومانی هەیە لەو تەنگەبەرییەوە بکرێت لەنێوان ئێران و زۆرێکی ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا لەبەشی دووەمی سزاکانیدا بۆ ئێران باسی کردووە.

(۳) ــ
جەنگی ئێران بۆ ئەمریکا ئاسان نابێت. تەنانەت جەنگی ئێران گەلێک قورسترە بۆ ئەمریکا بەبەراورد بە جەنگی عێراقی 2003 بۆ ئەمریکا. چونکە لەجەنگی عێراقدا دوو بەرەی گەورەی وەک کورد و شیعە هاوکارێکی باشی ئەمریکا بوون لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن دا، بەڵام لەئێراندا کە شیعەیەکی تۆخە! لایەنێکی گەورەو بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی ناشیعی نییە دۆستی ئەمریکاو دژی دەسەڵاتی شیعەی تاران بێت و لەئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکادا بۆسەر ئێران هاوکارێکی باشی ئەمریکا بێت و ئەمریکا ماندوو نەبێت لەم جەنگەدا.

(٤) ــ
هەموو چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەیەکی ئەمریکا بەمانای وەشاندنی گورزی سەربازی نییە. هەندێکجار هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ پیشاندانی هێزە و ئەمریکا تەنها یەک مەبەستی هەیە لەو هەڕەشانە ئەویش مانەوەیەتی وەک سەردار و گەورەی گێتی.

 

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی