مەرگی متمانە لەکۆمەڵگایی ئێمەدا

30/04/2019

كاروخ حەسەن

متمانە وەک پرەنسیپ و بەهایی ناو کۆی کایەکانی کۆمەڵگا وەک ڕەگەزێکی گرنگ لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤ و درککردنی بە شتەکانی دەوروبەری لەدایک دەبێت و بەپێی بار گۆڕان و بەرەوپێشچون و بارودۆخە جیاوازەکان، فۆرم و شێوەی دەگۆڕێت و دابەش دەبێت بەسەر بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، کاری سەرەکی لەژیانی کۆمەڵایەتیدا هێشتنەوەو پتەوکردنی پەیوەندی نێوان کەسەکان و کۆمەڵە جیاوازەکانە، کە لە کۆمەڵێک یاسایی نەنوسراوی تایبەت کە بەرئەنجامی پاڵنەری کەسی و کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگایە پەیرەوی لێدەکرێت .

متمانە چ لایی ئاینەکان و چ ئایدیا ئینسانیەکان بابەتێکی گرنگ و سەرەکی پابەندبون و پەیمان بەستن و کاری پێکەوەیی و ژیانکردنی بەکۆمەڵ بووە ، هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی و  هەنگاونان لە دامەزراوەی خێزان و خێڵەوە بۆ دامەزراوەیەکی گەورەتری وەک دەوڵەت، ئەگەر  لەسەرەتادا متمانە تەنها ڕەهەندی کۆمەڵایەتی هەبوبێت و زیاتر لەشێوەی ئاکاری کۆمەڵایەتی دەرکەوتبێت ئەوا ئەمرۆ چەمکی متمانە گشتگیر و ئاڵۆزترە و تەنها لەڕەهەندی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی نیە بەڵکو پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ یاسادا هەیە.

مێژووی جڤاکە سەرەتاییەکان ئەگەر لە خێزانەوە دەست پێبکات، مێژوویەکە لەسەر بونیادی پەیوەندی و متمانە بونیاد نراوە.
دروستبوونی جڤاکە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی؛لە ویستێکی بەھێزی مرۆڤەوە دێت بۆ چێکردنی پەیوەندی، بەڵام ئەو ویستە ھەمیشە بە ترسێک دەورە دراوە کە زۆر جار گەورەتر بووە لە ڕووبەری ویستەکە خۆی، مرۆڤ ترسی لەوە ھەبووە لەگەڵ نزیکبوونەوە و پەیوەندیکردن بە ئەوی تر ، بەھۆی جەوھەری شەڕەنگێز و بەدی ئەوی ترەوە تووشی زیان نەبێت.
بۆ دەربازبوون لەم کابوسە، ھەر لە سەرەتاوە و لەگەڵ جێکەوتبوونی جڤاک و پەیوەندی، مرۆڤایەتی لەنێوان خۆیاندا لەسەر پەیمانێکی ئاکاری نەنووسراوە و واتایی ڕێک دەکەون، کە دەکرێت بێ دوو دڵی ناو بنرێت "متمانە" بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئاینەکان ئەم بابەتە گرنگی زیاتر وەردەگرێت و جگە لە دەقە ئاسمانیەکان، لەناو لاھوت و فقھیش بەفراوانی دەبێتە جێگەی مژار. 

لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتدا مرۆڤ دەچێتە ناو بازنەیەکی گەورەتر کە تیایدا کۆمەڵێک دەزگایی متمانە پێدراو لەلایەن گەلەوە ڕۆڵی خۆیان دەبینن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، لێرەوە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەسەر بنچینەی متمانە بونیاد دەنرێت، کە سەرەتا هاوڵاتی متمانە بە دەوڵەت دەبەخشێت و دواتریش دەوڵەت لەڕێگەی دامەزراوەکانی خۆیەوە متمانە دەدات بەهاوڵاتی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و ئاشتی و ئازادی.

بەڕوانینی وردتر لەم بابەتە بۆمان دەردەکەوێت، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت بە مانا مۆدێرنەکەی و قسەکردن لەسەر چۆنیەتی پەیوەندی نێوان ئەم دیاردە مۆدێرنە و خەڵک، سەر لە نوێ چەمکی متمانە وەک چەمێکی بەھادار دەردەکەوێتەوە، بەڵام ئەم جارە لە وەزیفەیەکی ئاڵۆز و دوو سەرەدا، بەجۆرێک ئەگەر جاران وەزیفەی متمانە تەنیا ڕێکخستن و پاراستنی پەیوەندی نێوان دوو کەسی جڤاکێک بوایە، ئەم جارە و لەم وەزیفە نوێیەدا لەلایەک دەبێتە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان خەڵک و دەوڵەت، لەلایەکی تر پەیوەندی دەوڵەت و خەڵک دەپارێزێت. 
گەشەی متمانە لەم قۆناغەدا تەنیا گەشەکردنی وەزیفەکەی نیە لە تاک وەزیفییەوە بۆ جووت وەزیفی، بەڵکو لە ڕووی وجودیشەوە لە بوونێکی مەعنەوی و واتاییەوە دەگۆڕێت بۆ بوونێکی نووسراو ، کە خۆی لە دەستور دەبینێتەوە، لەم ڕوانگەوە دەکرێت بێ دوو دڵی بڵێین متمانە سەرچاوەی لەدایکبوونی دەستورە.

ئیتر لێرەوە یاساکان و بە دیاریکراویش دەستور دەبێت بە رۆحی متمانە و سەرچاوەی بوون و مانەوەی، بەجۆرێک لە ھەر وڵات و ناوچەیەک یاساکان ڕێزلێگیراو بن، لەم شوێنە متمانە لە باڵاترین بەھای خۆیدا دەژیت و لە ھەر شوێنێکیش یاساکان وەلانران و کەم بایەخ کران، لەم شوێنە متمانە مردووە یان لەدوا نەفەسەکانی خۆیدایە. 

لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە بۆچی لە کۆمەڵگای ئێمەدا متمانە یان بە تەواوی مردووە یان لەلێواری مردندایە. لێرە دەسەڵاتێک ھەیە کە تاوەکو ئێستا خاوەن دەستور نیە و ھەمیشە ویستی ئەوەی ھەبووە، لەسەرووی یاساکانەوە ڕەفتار بکات، دەسەڵاتی کوردی نەک خۆی ھەوڵی نەداوە چوارچێوەیەک بۆ کردە و جوڵەکانی دابنێت، بەڵکو بەردەوام لە ھەوڵی شکاندنی ئەو چوارچێوە و یاسایانەش بووە کە بوونیان ھەیە، ئەم ویستە نەگریسە و خوە سەرەڕۆیەی دەسەڵاتی کوردی ھەر بە تەنیا کۆمەڵگای ئێمەی نەکردووە بە کۆمەڵگایەکی پڕ ئاشوب و ناڕێکخراوی لێوڕێژ لە سیما سەرەکییەکانی جڤاکە سەرەتاییەکان، بەڵکو بەم کارەی کێڵگەی مانەوە و نشونمای متمانەی کە یاساکانن تێکداوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ متمانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە مردن نزیک بێتەوە. 

 ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەین ئەو سەردەمە بۆ کۆمەڵگایی ئێمە ساتەوەختی کەوتنی بەهاکانە، متمانەش یەکێکە لەو بەها کومەڵایەتی و سیاسیانەیی پەیوەستە بە ڕێکخستن و پەیوەندی و پابەندبون و پێویستی بۆ بەردەوامی و بەرەوپێشچونی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا.

دەسەڵاتی کوردی توانیویەتی  لەڕێگەی بێ بەهاکردن و کوشتنی خەونی نەوەکان و تێکدانی کۆی پەیوەندی و پرەنسیپەکان پێش لە پێشکەوتن و هەنگاونانی کۆمەڵگا بگرێت بۆ درێژەدان بەو مۆدێلی ستەمکارانەی خۆی.

ئەمڕۆێ ئێمە بەڕادەیەک ترسناکە کە  هەر بەتەنها  قەیرانی بێ متمانەی لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵات نیە ، بەڵکو لەنێوان هاوڵاتی و هێزه ناڕازیەکان و هاوڵاتی و ڕۆژنامەنوس و ڕۆشنبیر و میدیاکان ، وە هاوڵاتی و پیشە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، بەڕادەیەک دابەزیوە بەڵکو گەیشتۆتە ناو ئەندامانی خێزان یش.

ئەم فەوزایە کە هێزی خۆی لە دەسەڵاتی کوردی وەردەگرێت و بەرمەبنایی ئەزمونی هەڕەمەکی و بێباکی چەندساڵەی ئەم مۆدیلە لە حوکمرانیە کە دونیایی ئێمەی بەو شێوەی کە ئێستا هەیە ناشیرن کردووە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی