(نان نیە با پسکیت بخۆن)،
ئەم ڕستەیە بەدرێژایی مێژوو وەک سیمبولێک بۆ تێڕوانینی چینی دەسەڵاتدار و بێ ئاگاییان
لە بارودۆخی ژیان و برسیەتیی خەڵک هێنراوەتەوە، کە زۆرجار دەخرێتە پاڵ ماری ئەنتوانێتی
هاوسەری لویسی شانزەهەم، گوایە کاتێک شۆڕشگێڕە برسییەکان داوای نانیان کردووە، ئەو
گوتویەتی: (ئاساییە، نان نییە با پسکیت بخۆن!). لەوکاتەوە ئەمە بووەتە پەندێک بەرامبەر
هەر دەسەڵاتێک کە لە خەمی قەیران و مەینەتیەکانی کۆمەڵگاکەیدا نەبێت.
ئەوەتا دەسەڵاتدارانی ئێمەش،
بەرامبەر ئەم هەموو قەیرانە وجودییەی وەک مەترسی هەڕەشە لە چارەنوسمان دەکەن، تەنها
خەریکی سازدانی ڤیستیڤاڵی جۆراوجۆر و پێشانگای سەیروسەمەرەن. وەک ئەوەی بە هاوڵاتیان
بڵێن: ئاساییە، کێشەتان هەیە، پێشانگاو ڤێستیڤاڵ بخۆن!
ئەمەش ڕەچێتەی چارەسەری
حەکیمانەی دەسەڵاتە لە ئێستادا، بۆ بەشێک لەو قەیرانانەی بەرۆکی ئەم میللەتەیان گرتوە:
- لەبەرامبەر قەیرانی سیاسی، ڤیستیڤاڵی باینجان
و کولەکە، لەگەڵ دوو کەچک کۆنسێرتی دانولە.
- لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری، دوو ڤیستیڤاڵی
هەنار، پێشبڕکێیەکی شاجوانی پشیلە و نمایشێکی جلوبەرگ.
- لەبەرامبەر قەیرانی سوتەمەنی، دووشەوە ئاهەنگی
پارکی ئازادی و ڤیستیڤاڵێکی مرادخانی.
- لەبەرامبەر قەیرانی موچە، هەفتەیەک کۆنسێرت
بۆ هونەرمەندانی تورک و عەرەب و فارس لەژێر ناوی (پێکەوەژیانی کولتورە جیاوازەکان!).
- بۆ قەیرانی نرخی دۆلار، ڤیستیڤاڵێکی VIP لە حەوشەی پشتەوەی بازاڕی دۆلارەکە.
- بەرامبەر قەیرانی کارەبا، ئاو، دزی و گەندەڵی،
شەش مانگ بۆخۆتان هەڵپەڕن و ساڵی دووجار تازەی بکەنەوە.
- بەرامبەر قەیرانی بێکاری و سەرهەڵگرتنی گەنجان،
ڤیستیڤاڵی شەپقە، شۆڕتی سێچارەگی و نێرگەلە، لە پەنا جۆگە و ڕوبارەکان.
- بەرامبەر قەیرانی نادادی و پێشێلکردنی ماف
و ئازادی، دوو جورعە پێشانگا و سێ ڤیستیڤاڵی کۆتر و پەلەوەری خۆماڵی، لەگەڵ دیدارێکی
پڕ لە میوە و خواردنە کوردەوارییەکان.
ئەرێ بەڕاست ئەمە ڕەچێتەی
چارەسەری کێشەکانی وڵاتێکە، کە لە لایەک زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجامداوە،
بەڵام هێشتا پەڕلەمانەکەی کۆنەبۆتەوە و حکومەت پێکنەهاتووە؟ لە لایەکی ترەوە ئابوورییەکەی
زیاتر لە (30) ملیار دۆلار قەرزدارە، لە هەمووشی گرنگتر گەلەکەی خەون بە دەوڵەتەوە
دەبینێ، لە پێناویدا دەیان هەزار قوربانیی بەخشیوە و سەدەیەکە بێوچان تێدەکۆشێ و کارەساتی
ئەنفال و کیمیایی تێپەڕاندوە. کەچی ئێستا هەموو هێزەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە دەستەو دوعا
وەستاون بەڵکو (پارتی و یەکێتی) تەنها کۆببنەوە، لەولاشەوە ناوچەکە وەک مەنجەنیق دەکوڵێ
و بۆتە جەنگی مەغڵوبە و هەر چوار دەورمان پڕە لە مەترسی و هەڕەشەی جۆراوجۆر؟!
لە کۆتاییدا، ڤیستیڤاڵ و
پێشانگا و ئاهەنگ و بۆنەکان گرنگ و پێویستن، دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی
تەماشا بکرێن، بەڵام بە مەرجێک لەسەر بنەمای تەندروست و سروشتی خۆیان سەرپێ بخرێن.
کاتێک ئامانج تەنها سڕکردنی کۆمەڵگا و داپۆشینی ئەم هەموو قەیرانە قورسە بێت، ئەوا
بێگومان ڤیستیڤاڵ دەبێتە قەڵای درۆ و ڕەمزی هەڵخەڵەتاندن و تەنها دەرفەتێک بۆ لەبیر
بردنەوە و خاڵیکردنەوەی توڕەیی و نیگەرانیەکان، لێرەوە ئیتر بە دڵنیاییەوە ڤیستیڤاڵ
و پێشانگاو ئەم جۆرە چالاکیانە، پەیام و واتاو ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆیان لەدەست دەدەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی