گۆرانكارییە ھەرێمیەكان و ئەركی حكومەتی نوێ

01/05/2019

ئادەم ئاودەل

لە ئێستادا لەگەڵ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم ، وڵاتانی دراوسێ و خودی حكومەتی عێراق بە كۆمەڵێ كێشە و گرفت و گۆرانكاری نوێ تێدەپەرن . كە دەئەنجام و ئاماژەی نوێ دەخەنە بەردەم سیاسەتی ناوچەكە.

یەكێك لە گرینگترین گۆڕانكارییە گرینگەكان ھەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بوو ، كە دۆخێكی نوێ و جیاوازی لەو وڵاتە ھێنایە كایەوە و حیزبی دەسەڵات ، پایتەختی سیاسی و پایتەختی گەشتیاری و سێیەم گەورەشاری توركیای لە دەستدا ، كە ئەمەش بە شكستێكی گەورەی پارتی دادو گەشەپێدان دادەنرێ . تاكە چارەسەری دۆخی ئەو حیزبەش گۆرانكارییە لە سیاسەتەكانی بەتایبەت بەرامبەر بە دۆزی كورد ، چونكە دەنگی كوردەكان بوو كە ھاوكێشەكەی لەو سێ شارە گەورەیە گۆری. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوی حوكمرانی كوردیدا ، ھەمیشە جۆرێك لە پەیوەندی گەرم لە نێوان دەسەڵاتدارانی ھەرێم و توركیادا ھەبووە ، بەڵام ھەمیشە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دوچاری رەخنەی توند بونەتەوە لەسەر ئەو جۆرە پەیوەندییە و زۆرێك لە ھاوڵاتیان و چاودێران پێیان وایە كە پەیوەندییەكە پەیوەندییەكی حیزبییە نەك وەك حكومەتی كوردی ، ئەمەش لە دەرئەنجامی بە نیشتمانی نەكردنی دام و دەزگاكانی حكومەتەوە سەرچاوەی گرتووە ، بەجۆرێك كە ئەو حیزبەی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی لە دەست بووە نەیتوانیوە پەیوەندیەكان بە شێوازێك رێكبخات كە نوێنەرایەتی راستەقینەی حكومەتی كورد بكات و جگە لەوەش لە ئاستی پەیوەندیەكانی لەگەل توركیا ، بەھەمان شێوە زیاتر لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان بووە ، كە خزمەتی باشی بە ھاوڵاتیانی ھەرێم و كوردانی باكور نەگەیاندووە.

بەنیشتمانی كردنی پەیوەندیەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتی كردنی راستەقینە نەك تەنھا بۆ توركیا بۆ وڵاتێكی وەك ئێران و دراوسێكانی تریش راستە ، بەڵام بە تایبەت توركیا و ئێران گرینگترن ، چونكە ھەژمونی سیاسی و ئابوری و مەزھەبی ئەو دو وڵاتە نەك تەنھا لە ھەرێم بەروی تەواوی عێراقەوە دیارە .

لە ئێستادا كۆماری ئیسلامی ئێران بە قەیرانێكی قوڵی ئابوریدا تێ دەپەرێ كە بۆ تێ پەراندنی ئەو قەیرانەش بێ گومان پێویستی بە عێراق و ھەرێمی كوردستان دەبێ بەتایبەتیش بۆ زیاتر كردنی ئاڵوگۆری ئابوری نێوانیان ، ئەمەش جگە لە ھاوكاری وڵاتی ئێران سودێكی ئابوری زۆریش بە كورد دەگەیەنێت ، كە ئەمەش پێویستی بە دەست كراوەیی و سینگفراوانی كوردەوە ھەیە و پێویستە ئەركی لە پێشینەی حكومەتی ئایندەی ھەرێمی كوردستان بێ ، بەتایبەتیش كە عێراق و ھەرێم بە دەرن لەو وڵات و حكومەتانەی كە ئەمریكا رێگری لێ كردون بۆ ئالوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێران .  ئەمەش پێویستی بە دارشتنی پەیوەندیەكی كۆنكرێتی پتەوی نێوان ھەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ھەیە.

ژیرانە خوێندنەوەی گۆرانكارییە خێراكان و ورد مامەڵە كردن لە مەڕ سیاسەتە نوێكان ، زامنی پاراستنی قەوارەی بەھێزی ھەرێمی كوردستانە ، كە ئەمەش پێویستی بە دامەزراوەیی و بە نیشتمانی كردنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتەوە ھەیە ، كە بە جۆرێك بێ ھیچ حیزبێك نوێنەرایەتی خۆی لە ولاتان نەكاتەوە و نوێنەرایەتی خۆی لەو فەرمانگەیەدا ببینێتەوە.

ئادەم ئاودەل

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی