ئەو قوربانیەی هەمیشە زیندوە و پێ دەکەنێت

05/05/2019

دانا رەشید

رەنگە بە درژایی مێژو، کورد لە باشوری کوردستان ، هیچ قۆناغێکی هێندەی ئەم قۆناغەی بە حساب حوکم و دەسەڵاتی خۆماڵیەی کورد، وا زیاتر لە چارەکە سەدەیەک تێدەپەرێ  ،ناشرین و بەدناو و پڕ مەرگەسات نەبووبێ ، رەنگە بە دەیان و سەدان هەزار  بووبێتن بە ژێر دەست و پێێ ئەم دەسەڵاتە بێ ماناو بێ تەعریف و بێ مەعریفەتەوە ،وەلی تیرۆر کردنی گەنجێکی خوندکاری زانکۆ  بەو شێوە هەتا بڵێێ خێڵەکی و درندانەیە  لەسەر  نوسینی پەخشانێک کە زادەی خەیاڵی گەنجێکی خێر لە خۆ نەدیو بوو ، مرۆڤ بە سروشتی خۆی کە تاوانێک رودەدات  ماوەیەک پێوەی گینگڵ دەخواو بیری لێ دەکاتەوە ،ئەمما تاوان لە ژێر دەسەڵاتی کوردا لە باشوری کوردستان هێندە زۆر بوە  تا رادەیەکی زۆر  خەڵک لەگەڵی راهاتون ، دروست وەک سەردەمی  جەنگی ئێران و عیراق سەردەمی بەعسی زاڵم ، کە هەر ساتە ناستێ لە تەلەفیزۆنەوە وێنەی شەرو کوشتاری پیشان دەداین ، تا  دیمەنی قێزەونی کوشتن و برین و خوێن رێژی لەبەر دیدەی منداڵ و گەورەو پچوک ببێت بە شتێکی ئاسایی ، ئەم دەسەڵاتە  گەندەڵە هێندە تاوانی لەو میلەتە بار کردوە  ، هێندە ئەو میلەتەی بێ ئومێد کردوە کە  کوشتن و تاوان لای وەک ئاو خواردنەوە وا بێت ، دەنا لەسەر هەر تاوانێکی دەبێت میلەت راچەنێ و برژێتە سەر جادە ،
بەش بە حاڵی خۆم کە زاراوەی ( دیمۆکراتی ) دەبیستم  هەر لە خۆمەوە شەرم دەکەم ، کە ( سۆسیال دیمۆکراتی) دێتە بەر گوێم ئەوە هەر ئارەقەی رەش و شین دەکەمەوە ، ئاخر بیهێنەرە بەرچاوی خۆت  ناوت پارتی  دیمۆکرات بێت  ، هەر رۆژەی کورو کاڵێکی بنەماڵە  پیشانی خەڵک بدەی  بڵێێ ئەمە سەرۆکی دوارۆژتانە ، واتە بێ نرخ کردنی تاکی کورد تا دوا ئەندازەی بێ نرخی ، واتە بە تێکرا میلەت دەبێت بە ( شەعب الغلابە)وەک مصریەکان دەڵێن ، واتە بێ ئەرزش کردنی حکومرانی و  دەزگاکانی دەوڵەتی تا دوا پلە، واتە پیشاندانی دەسەڵاتێکی بێ ئەندازە بێ مۆراڵ ، میلەتێکی بێ ئەندازە بێ مروەت ،
ئەوەی سەردەشت لە قوربانیەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ، ئەم پێشبینی ئەوەی کردبوو کە  دەسەڵاتە دیمۆکرات خێڵەکیەکە  خوێن بە دەماری پیاوەتیاندا هاژە هاژ دەکاو ناوگەڵیان سوتاوەتەوە ، پەلەیانە  خێڵە هەزار پیاویەکە کە  سەرۆک خێڵ وتی ،  لە ئینزاردان تا  شەرفی خۆیان بکڕنەوە ، ئاخر چۆن دەبێ مسکێن بە خەونیش  هەڵەی وا بکات ، چۆن دەبێ رەعیەت بە خەونیش تەمەنا بکات ببێتە زاوای جەنابی سەرۆک خێڵ ، ئەمە لەکەدار کردنی شەرەفە ، سەردەشتی مەزن دەیزانی  غەیری  ئەوەی بە کێوی مەزنایەتیدا هەڵگەرێ رێگەی تری نی یە بۆیە بە عەشقەوە چوو بەرەو پیری مەرگەوە ، ئەوەی سەردەشتی مەزن لە قوربانیەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە  لە پاش خۆی نامەیەکی جێ هێشت لەگەڵ کۆلێ خەندەو پێکەنیدا ،کە هیچی لە نامەو پێکەنینی کۆتایی چیگیڤارای مەزن کەمتر نی یە ،  سەردەشت وتی  ( با هاورێکەم خاڵێک بۆ من دابنێ و ئەو دەست پێ بکاتەوە )  ئەمەیە خاڵی جیاکەورەی ئەم لە قوربانیەکانی تر ، واتە مەرگ لە پێناوی بەردەوامی دا ، بۆیە هەمیشە سەردەشت دەژی و بە خەندەو پێکەنینەوە  بەردەوامی هەیە  تا خاڵی کۆتایی بۆ دەسەڵاتی بکوژەکانی دادەنرێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی