لە ساڵی ١٩٢٩ ڕۆماننوسی ئەمریکی ئێرنیست هەمەنگوای ڕۆمانێک بەو ناوەوە دەنوسێت.
کورد ئێستا لەو قۆناغەدایە. دیدارەکانی مێری ئەگەر بابەتێکی هاوبەشیان تیادابێت، ماڵئاوایی
بوو لە چەک. چۆن، بۆ، لە بەرچی؟
کێشەی قسەی سیاسی، مەبەستم وتاری کەسی خاوەن پێگەی سیاسییە، ئەوەیە کە قسەیەک
نیە کە لە لۆجیک و فرەڕەهەندی و ئاروگومێنت و پرسیار و ڕاڕایی و گومان و دەرئەنجامگەرایی
بێت. بەڵکو هەمیشە قسەیەکی دینییە. قسەی دینی بریتیە لە گوتنی ئەوەی کە ئەوەیە. بەم
پێیە ئەوەی دەگوترێت دەبێت گوێی لێبگیرێت و سەری بۆ بلەقێنرێت و قبوڵ بکرێت و ئەگەر
شتێکیشی لەبارەوە گوترا ئەوا دەبێت بە شان و باڵ و ڕازاندنەوە و جوانکردن بێت.
یەکەم خەسڵەتی ئەم دۆخە، بریتیە لە نەبون یان وونبونی کورد وەک خەڵکێک. زۆرینەی
زۆری کورد نازانن بۆچی ئێمە ماڵئاوایی لە چەکەکان دەکەین. لەوە خراپتر نازانن ئەوەی
کە دێت پاش چەکەکان چیە؟
دووەم، قۆناغی کۆتایی چەکەکان بڕیارێکی کوردی نیە، کە لە سۆنگەی دیدی کوردی
و خواست و بەرژەوەندییەوە سەری هەڵدابێت. بەڵکو چەندین هۆکاری جیاوازن کە لە دەرەوە
دێن و کورد ناچار دەکەن.
سێیەم، کرۆکی ئەم هۆکارانە لەو کۆ-گۆڕانکارییانەدایە کە سەرجەم مرۆڤایەتی پیایدا
تێدەپەرێت.
لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند هۆکارێک دەدەم:
یەکەم، تەکنەلۆجیای سەربازیی. درۆن کۆتایی بە شەڕی گەریلایی و پانتایی شاخ و
حەشارگە هێنا. ئمە تەکنەلۆجیا سەربازییە هەتا بێت زیاتر خێرا گەشێ دەکات و سەرزەمینی
و ئامراز و ئەخلاقی شەڕ دەگۆڕێت. ژیری دەستکرد زۆر زیاتر تەکنەلۆجیای سەربازی دەگۆڕێت.
ئێمە ئەگەر پێمانی نەدەن، ناتوانین بە دەستی بهێنین.
دووەم، کۆتایی سەردەمی تاک-جەمسەریی ئەمریکی. ئەوەی لە واشنتۆن حوکم دەکات،
ناتوانێت و تاقەتی ئەوەی نیە لە پرسی ئاڵۆزی کورد تێبگات. بۆیە بوار دەدات هەتا ئەوانیتر
دەستی تێبخەن.
سێیەم، پاش تاک جەمسەریی، سەردەمی هێزی هەرێمایەتییە، بە تایبتی کاتێک چین ڕوانگەیەکی
جیاوازی هەیە. لەم ڕوەوە تورکیا ئێستا کاریگەرترینە. تورکەکان لە نێوان ترسی شەڕ و
تەماحی فراوانبوندا جۆلانێ دەکەن. لەم ماوەی پێشودا، لە سەرم دیدی فراوانخزیم نوسی
لە دیدی داودئۆغلۆوەوە. بەڵام لەم دواییانەدا ئیبراهیم کاڵن قسەیەکی سەرنجڕاکێشی لەمبارەوە
هەبوو. ئەو دەڵێت دەوڵەت، ستەیت، لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاوادا بەمانای چەسپیو و نەگۆڕ دێت،
بەڵام لە کەلتوری ئێمەدا بامانی گۆڕان دێت. ئەمە دیدێکە کە دەرخەری خواستی فراوانخۆزیی
نوخبەی حوکمڕانی ئێستای تورکە.
پارتی کرێکاران نایەوێت دژ بەم خواستەی تورک بێت، بەڵکو دەیەوێت بە دژایەتی
نەکردن هەندێک دەستکەوتی لێ دەستبکەوێت.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە کە کورد وەک مەڕ مامەڵە دەکرێت. دیارە پاشخانی
زۆربەی حیزبە کوردییەکان لینینیە، بە ئاگایی و بێئاگایی. حیزبی لینینی ئەو حیزبەیە
کە خۆی وەک پێشەنگ دەبینێت. پێشەنگ یانی من پێش دەکەوم و ئێوەش دوام کەون. لینینیزم
وەها دەبینێت کە کرێکاران یان خەڵک، دەبێت ڕزگار بکرێن، نەک بەشێک بن لە داڕشتنی ڕزگارییاندا.
ئەم خەسڵەتە لە حیزبی تەلیعی هێشتا بەشێکی زۆری نوخبەی کوردییە. ئەمە بەڕونی لە گوتارەکانی
مێریدا دیاربوو. خەڵک خاوەنیان هەیە.
دیارە دیدێکی فۆکۆیی هەیە کە پێی دەڵێت دەسەڵاتی پاستۆر یان شوانکارەیی. لای
فۆکۆ شوان ئەو کەسەنیە کە مەرەکان لە بەر دەدات، بەڵکو شوان ئەو کەسەیە کە بایەخ بە
تاک بە تاکی مەڕەکان دەدات. ئەگەر مەرێکی ڕانەمەرەکە دیار نەبێت شوان پشتگۆی ناخان
بەڵکو هەموو مەڕەکانی تر ڕادەگرێت لە پێناویدا. ئەمە کرۆکی دەسەڵاتی بایەخپێدانە. دیارە
هەندێک فکۆناسی کوردیی لنگەوقوچ لەم پرسە تێگەیشتوون. حیزبی پێشەنگی حیزبی شوانکارەیی
نیە. حیزبی پێشمەگ گرنگی ئەوتۆ بە بایەخپێدان نادات.
ئەگەر چەکەکان بێدەنگ دەبن، ئەوا قۆناغی مەدەنی دەست پێدەکات. قۆناغی مەدەنی
دەبێت لە سەر بنەمای کۆمەڵگا و مرۆڤ و بایەخپێدان بێت، نەک پێشنەگیی و فەرامۆشیی. بەڵام
بە داخەوە زۆربەی کورد شوێنکەوتەیەکی سەرلەقێنە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی