ئایا تورکیا سەر بە چ دونیایەکە؟

08/05/2019

سەردار عەزیز

لە ٢٠١٢ لە گەڵ دوو کچ و کوڕێکی تورکدا چوین بۆ زانکۆی مێتۆ، بۆ ئەوەی کتێبێکی زیا گۆکئالپ، بە ناوی عەشیرەتە کوردەکان، کۆپی بکەین. کتێبەکە لە تورکیا قەدەغەیە. جارێکیان نەوشیروان مستەفا پێی ووتم زیا گۆکئالپ کورد بوە، بەڵام کاتێک خەریکی نوسینی ئەم کتێبە بوە بە ناو کوردەکاندا گەڕاوە و زۆر خراپ مامەڵە کراوە، بۆیە دوایی ئەو هەڵوێستەی هەبوو. زیا یەکێکە لە باوانی دامەزرێنەری فەلسەفەی کۆماری تورکیا. خاوەنی هەمان بیر بوو کە ئەمرۆ عێراقچیەکان لە کوردستان بانگەشەی بۆ ئەکەن، ئەویش تواندنەوەی کورد لە هەناوی تورکیادا.


هاوەڵە کوڕەکە تورکێکی چەپ بوو، کاتێک گەشتینە مێتۆ ووتی تورکیا وڵاتێکی جیهانی سێیە. لای ئەو جیهانی سێ بوون، مانای ئەوەی دەگەیاند کە وڵاتێکی خاوەن سەروەری نیە، بەڵکو وڵاتێکە لە لایەن وڵاتانی جیهانی یەکەمەوە، بۆ قازانجی وڵاتانی جیهانی یەکەم بەڕێوەدەبرێت. لە میانەی ئەم باسەدا باس لە مێژوی نهێنی زانکۆکەش کرا. زانکۆی میتۆ یەکێكە لە باشترین زانکۆکانی تورکیا کە سەرەتا، لە ناوەڕاستی پەنجاکان، وەک بەشێک لە پەیماننامەی بەغدا یان پاشان سێنتۆ دامەزرا. ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو کە نوخبەیەک لە خوێندکار ڕابهێنێت بۆ دژایەتی فیکری کۆمیونیزم. دیارە زانکۆ هەمیشە ناوەندێکی ئایدەلۆژیی دەسەڵاتییە. شایانی باسە دۆخی زانکۆ لە دونیادا، زۆرخراپترە، لە ئێستادا. بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ڕۆڵی ئایدەلۆژی دەزگاکان و بونیان وەک ئەپاراتۆسێکی ئایدەلۆژی دەوڵەتی، پێویستە ئاڵتۆسێر بخوێنیتەوە و لە چەمکی ئیتەرپیلەشن تێبگەیت. هاوەڵە چەپەکە ئەم بیرەی بەشێک بوو لە ئایدەلۆژیای چەپی کە دەوڵەتی تورکی بەشێکە لە سیستەمی دژە سۆشیالیزمی ئەمریکی ئەوروپی، لە میانەی جەنگی سارددا ئەم ڕۆڵەی پێسێردراوە ، ئەمەش وەهای لێدەکات کە وڵاتێکی خاوەن سەربەخۆیی نەبێت بەڵکو بەشێکە لە ئامرازی بەڕێوەچونی دونیا. ئەمەش وەها لە تورکیا دەکات کە وڵاتێکی پەراوێزی بێت.


پێگەی تورکیا لە دونیادا، نەک تەنها لە نێو چەپەکاندا جێگەی مشتومڕ بوو، بەڵکو لای هەموو ئایدەلۆژیاکانی ناو تورکیا پێگەی تورکیا مایەی قەیرانە بۆیان. لای تورکە عەلمانیە لیبرالەکان، تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە. گراهام فوللەر، شارەزای تورکیا و ئیسلام و توێژەی سی ئای ئای بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ جارێک لە قۆنیا بە تورکێک دەڵێت، تورکیا وڵاتێکی سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەویش هەست بە سوکایەتی دەکات و نکوڵی لێدەکات. ئاتاتورکیەکان بڕوایان وەهایە کە سەفەری ئەوان بۆ ڕۆژئاوا لە سەردەمی گەلە گورگە بۆرەکانەوە دەستی پێکردوە.


ئەم دیدانە لە سەردەمی داودئۆغلۆدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. داوئۆغلۆ هەوڵدەدات ئەم گرێی پەراوێز و بون بە بەشێک لە شارستانیەتێکی تر رەفزبکاتەوە و هەوڵ بدات کە تورک بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە نەک پەراوێزنین بەڵکو ناوەندن و لە هەمانکاتدا هەڵگری شارستانیەتێکی تایبەتن کە ئیسلام یان عوسمانیەتە. ئەم دوو وەرچەرخانە جیوپۆلەتیکیە، تورکیای خستە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی کە دەتوانێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت و لە ڕیزی وڵاتانی تردایە، بۆیە دەبێت وەک وڵاتانی جیهانی یەک هەڵسوکەوت بکات. دیارە ئەم دیدە دەکرێت وەک پەرچەکردارێک ببینرێت. کاتێک تورکەکان دەیانەوێت ڕۆژئاوایی بن، ئەوا پێیان دەوترێت ئێوە ڕۆژئاوایی نین و لە ئەنجامدا بێبایەخ دەبن. لە پەرچەکرداردا دەیانەوێت بڵێن بەڵی ڕۆژئاوایی نین، بەڵام وەک ڕۆژئاوایین، ئەمەش مایەی کێشەیە بۆ ڕۆژئاوا.


دەکرێت چەند روداوێک ئاماژە پێبدەین بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە ئاڵۆزە: یەکەم تورکەکان دەیانەوێت وەک زلهێزەکانی تری دونیا لە ناوچە ستراتیژیەکان بونیان هەبێت، چون بۆ سۆماڵ و بە دیاری وەرگرتنی بەندەرە سودانیەکە لە دەریای سور، بەشێکە لە پێشبڕکێیەکی جیهانی بۆ ئامادەبون لە دەریای سور، وەک لە جیبۆتی دەیبینین، لە لایەن چین و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاوە. بنکە چینی و ئەمریکیەکە تەنها ١٠ کم لە یەکەوە دورن. هەوڵی تورکیا بۆ بوونی سیاسەتێکی سەربەخۆ و داواکردن لە ئەمریکا بۆ پشتیوانی، بەشێکی ترە لەم وێنا ستراتیژیەی تورک، هەوڵدان بۆ کڕینی ڕۆکێتی ٤٠٠ ئێس لە روس و دژایەتی ناتۆ بۆ ئەو پرۆسەیە هەنگاوێکی ترە. دیارە هەوڵی تورکەکان تەنها بۆ بێزارکردنی ئەمریکیەکان نیە، بەڵكو لە هەستێکەوە دێت کە ئەوان ئەندامێتی ناتۆ سەربەخۆیی ستراتیژی بەرگری لێسەندونەتەوە. یەکێکی تر لە روداوەکان هەوڵی تورکیایە بۆ دروستکردنی کەشتی فرۆکە هەڵگری دەریایی، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ بەهێزبوون لە ئاستی دەریاوانیدا، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دیدی داودئۆغلۆوە هەیە. ئەگەر لە ئیستەنبولەوە ئێواران تەماشای دەریا بکەیت روناکی ئەو جێگایە دەبینیت کە هەوڵی دروستکردنی یەکەم کەشتی بارهەڵگری تورکی دەدەن بە ناوی ئەنادۆلۆ. 


لە گەڕانەوەی دونیا بۆ سەردەمی ململانێی زلهێزەکان هەبونی هێزی سەربازی کاریگەری گەورەی هەیە لە سەر پێگە و ڕۆڵی هەر وڵاتێک. ئایا تورکیا لە سەردەمی نوێدا چ ڕۆڵیکی دەبێت؟


تورکەکان لە وڵات و خەیاڵێکی ناواقیعیدا دەژین. تورکیا بەرگەی سەرکەشی ناگرێت لە کاتێکدا خاوەن هیچ جۆرە سەربەخۆییەک نیە. بەڵام ئەم ڕۆژانە تورکیا لە کەڵکەڵەی سەرکەشی زۆردایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی