جەنگی جیهانی سێیەم یان سەفەربەلك

12/05/2019

دانا هەڵەبجەیی

دەنگی دەهۆڵی جەنگێك وا خەریكە لە پەنا گوێماندا زرمەی لێهەڵدەستێت، شریقەی شەیپوری دوا فەرمانی هێرش لە ئان و ساتدایە، B52 فڕكانفڕیەتی، گەورەترین كەشتیی جەنگیی جیهان لەنگەری گرتووە، هێز و ئۆردوی ئەمریكا هەرچی ئاوی چواردەورمانی تەنیوە،،،.

كەچی لەمەڕ خۆمان هەم لە خەوە ڕۆژانەی ڕەمەزانین، هەم گوێی گا پر بووە لە نووستوان، لە تاو پڕكردنەوە كابینەی نۆ و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنەكان، خاڵیكردنەوەی ئەوەی شەوان تێیان تەنیەوە، نە حكومەت ئاگادارە، نە هۆشداریش ئەدرێ بە هاوڵاتی.

ئەگەر دەسەڵاتدارنی ناوچەكە پێیان وابێت، ئەمە بۆی هەیە تەنیا گوڕەشە بێت یاخود ئەگەر جەنگیش هەڵگیرسێت، وەك شەڕی خەلیج و جەنگە كلاسیكییەكان ئەبێت، ئەوا هێشتالە خەو و خورافیاتدا ئەژین.

بژاردەی جەنگ:
جەنگی ئەمجارە جەنگی تەكنەلۆجیا و سەتەلایت، كلیك و جی پی ئێسە، بە ژمارەیەكی كەمی سەرباز گەورەترین و بە تواناترین ماشینی جەنگ بەڕێوە ئەبرێت، ئیتر شەڕی بەرەیی و ڕووبەرووبونەوە و چەكی سوك، سەردەمی بەسەر چوو.

لە ماویەكی كورتدا هەرچی پێگەی گرنگ و هەستیاری سەربازی و ئابووری و دەسەڵات هەیە خاپور ئەكرێت. پاشاگەردانی و ئاوارەیی باڵ ئەكشێنیت بەسەر چەند ناوچەیەكی دیاریكراودا.

شاراوە نییە، كە مەبەستی ئەم جەنگە ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئیتر وەردە هێزە دروستكراوەكانی خودی ئێرانیش ئایندەیان هەمان ئایندەی ئێران ئەبێت، ئیتر كێ ئەچێتە پاڵی، بۆ هەمیشە هەڵناسێتەوە.

سعودیە وەك زەنگینترین وڵات و ئیسرائیلیش وەك بەتواناترین هیزی ناوچەكە، هاوپەیمانی ئەمریكان لەم جەنگەدا. ئیتر هەرێمی كوردستان و عێراق ئەبێت خۆیان ساغ بكەنەوە، ئەگینا بە ساغی دەرناچن،،،.

بژاردەی ئابڵوقە:
ئەگەر گریمان جەنگیش هەڵنەگیرسا، بەڵام ڕۆژانە ئابڵوقە و ئەمبارگۆی ئابوریی لەسەر ئێران زیاد ئەكرێت، هەروەك چۆن لەم ماوەی پێشوودا بەهای دراوی تمەن هاڕەی كرد، وە لیرەی توركیاش زیڕەی لێ هەستا، هەروا بەردەوام ئەبێت، تا میللەت خۆی شەڕی نان و جەنگی برسییەكان پەرپا ئەكات. 

ئەم شەڕی ئابڵوقەیە كاریگەری تەواوی لەسەر هەرێمی كوردستان ئەبێت:

یەكەم؛ ساڵانە هەرێم  بەهای چوار ملیارد دۆلار، ئاڵوگۆڕی ئابوریی و بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، كە بە تەواوی ئەمە تێك ئەشكێت و كاریگەرییە نێگەتیفییەكەی ئەكەوێتە بازاڕی هەرێمیشەوە. وە وەك ساڵانی جەنگی جیهانیی یەكەم خەڵك توشی برسییەتی و سەفەربەلك ئەبن.

دووەم؛ هەرێم هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی كوردستان، وەك بەرپرسیارییەكی نەتەوەیی و مێژووی و مرۆڤایەتی، ئەبێت هەرێم دەرگای واڵا بكات بۆ ئاوارە و لێقەومانانی ئێران و ڕۆژهەڵات، هەروەك ئەوان چۆن لە كۆڕەوەكەی 1991 پشت و پەنامان بوون.

ئەم دوو خاڵە لە هەردوو بژاردەكە ڕووداێكی چاوەڕوانكراوە، بۆیە ئەبێت بە هەند وەربگیرێت.

بە كورتی مەبەستمە كە بڵێم ئەبێت حكومەتی هەرێم وەك حكومەت، هەم یەكێتی و پارتی وەك دوو هێز، ئامادەباشی خۆیان بۆ ئەم دۆخە ئۆرگانیزە بكەن.، وەك ژووری قەیران و ئابوری و جەنگ دامەزرێنن، وە هاوڵاتیش وریابكەنەوە لە دەستگرتن و بەفیڕۆنەدان و پاشكەوتكردنی خۆراك و شمەك و سوتەمەنی، تیمی فریاگوزاری مەدەنی و تیمی هاوكاری خۆبەخش دامەزرێنن بۆ كۆنترۆڵكردنی هەر ئەگەرێك و كارەساتێك. 

میدیاكانیش وەك ئەركێكی مۆڕاڵی خۆیان ئەبێت هۆشیاری و هۆشداری بدەن، بەشداری كارامەی پاراستن و ئاشتی كۆمەڵایەتی و جێگیربوون بكەن.

وە بەتوندی لە لایەن حكومەتەوە ئاگاداری بازرگانی چاوچنۆك بن، بە تایبەتی گەمەكارانی  بەهای دۆلار و ئازوقە.

ئەم دۆخە زۆر ناكێشێت و گۆڕانكاریی و ئاشتی و ئاوەدانی ئەگەڕێتەوە بۆ هەرێم، ئەگەر سیاسی و دەوڵەتدارانی خۆمان، دڵسۆزانە و ژیرانە بڕیار بدەن و هەڵسوكەوت بكەن.

بە سادەیی باسمكرد بۆ ئەوەی لە سەختییەكەی بگەن.

دانا هەلەبجەیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی