ئێمە ماوین،تا قسەبكەین؟

13/05/2019

هەژار سدیق

لەهەموو وڵاتانی دنیادا،بیست عاقڵمەندو سیاسی هەیە كەوەكو شوانێكی بەئاگا لە(شەوبەكێو)ی گەل و وڵاتەكانیان دان.

بەپێچەوانەوە لەعیراق 30ملیۆن كەس خزمەتكاری پەنجا سیاسەتمەداری چەك لەشانە.

سیاسیەكانی عیراق بەهەر سێ پێكهاتەی كوردو شیعەو سوننە،نەك هەر شكستیان لەدەوڵەتداری هێناوە،بەڵكو لەپێكەوەژیان و ژیاندۆستیشدا،بەشێوەیەك تێشكاون،گەلانی عیراقیش وەكو مردووی زیندەخۆریان لێهاتووە.

ئێمەی عیراقی مێگەل ئاسا هیچ گوناهمان نیە كەشوانێكی هۆشمەندو كارامەمان نەبووە.

بەدرێژایی مێژوو،شوانكارە سیاسیەكانمان ڕێگربوونە لەبنیاتنانی دەوڵەتێكی سەقامگیر بۆ هەرسێ تەكەتولە بەزۆر لكێنراوەكە.

خوای زۆرینەی سیاسیەكانیشمان ئەو پارەو سامانەیە كەبەحەرامی دەستیان دەكەوێ،هەندێكیان ئەوەندە هەلپەرست و گەندەپەرستن،تا لەمەمكی حیزبەكانیان هاوێر نەكرێن قسە ناكەن.

ئێستا وایلێهاتووە،كەگوێت لەناوی سیاسەتمەداربوو،وەكو ئەوەیە گوێت لەناوی دزێكی چڵێس بێت،دوێنێ دزێكی گوماناوی بەتوركمانەكانی دەگوت،وەچەی زیاتر بخەنەوە بۆ ئەوەی ژمارەمان زیادبێ!!!

مەبەستی ئەو سیاسەتمەدارە،ئاشكرایە لەزیادكردنی ژمارەی توركمانەكان،بۆ ئەوەی نیە،جەنگ هەڵگیرسێنێ،بەڵكو بۆ كورسیە چەورەكانی ناو پەڕلەمانە،بۆ ئەوەی بەسەر مۆرانەكانی حیزبەكەیدا دابەشی بكا.

بەعسیەكان بەڕوخاندنی گوندەكانی كوردستان و ووشكردنی زۆنگاوەكانی باشور،سەبەتەی خۆراك و سفرەو خوانی عیراقیەكانیان وێرانكرد،لەدوای 2003.شەوە سیاسیە حازرخۆرەكان،تەنیا ئەوەیان بۆ هێشتینەوە،بۆ كورد خەوبینین بەهاناوەهاتنی خدری زیندەو شیعە بەئیمامی مەهدی و سوننەش بەمعاویە ببینێت.

كێشەی عیراقیەكان،بەتایبەتیش سیاسیەكان ئەوەیە،پەند لەڕابردوو وەرناگرین،كەسمان لەم باوەڕەدا نەبووین،ئەمریكا ڕژێمێكی ترسناكی وەكو صدام بڕوخێنێ و پەتكی بكا،زۆریش ئاساییە،دوای تەواوبوونی كارە ستراتیژیەكان،ئەمریكا كیسی نەفەس بڕ بخاتە سەرو ملی سیاسیەكانی ئێستاو دەستیش بەسەر كۆمپانیاو كارگەو قومارخانەكانیان دابگرێت،بێگومان ئەم ڕۆژەش دەبینین.

هەژار سدیق

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە