ئاو مەکە بە ئاشی میدیا و سۆشیال میدیای فەرمی سیستەمەکەدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زاهیر باهیر

23/10/2026
لە رووداوەکانی ئەم دواییەی فەرەنسادا ئەوەی زیاتر نیشان دەدرا لەلایەن کوردانی باشوورەوە ئەو  کلیپ و گرتە ڤیدۆیانە بوون لە لاپەڕەکانی فەیسبوك و تیکتۆك دەربارەی  تاڵانی و دزی بوغازە و شۆپە گەورەکان بوون کە زیاتر لە لایەن   خەڵکانی بێیانەوە و نەوەکانیانەوە دەکرا بە تایبەت خەڵکانی موسڵمان.
بەڕاستی کارەساتە کە تۆ ئەو ڕووداوە گەورەیەی فەرەنسا و وڵاتانی دیکە تەنها لە گۆشەیەکی تەسکی زۆر کەمی بێ ئاگا لە هۆکاری ڕاپەڕینی خەڵکی ببینیت . نەك هەر ئەوە بەڵکو پەیامێکی زۆر هەڵە و خزمەتکەری دەوڵەت و سیستەمەکە بڵاوبکەیتەوە .

ئەوەی کە لەو گرتە ڤیدۆیانەدا بینرا و لە وتار و پۆستەکاندا  بیسترا هەر یەکەیان خزمەت بە ئەجەندەیەکی سیاسی جیاواز دەکەن کە دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن کە ئەو کارانەی کە ڕویداوە تەنها خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر وەچەکانی ئەوان بوون . ئەمەش تەنها دووپاتکردنەوە و پشتراستکردنەوەی قسە و لێدوان و راگەیاندنی هەندێك لە سیاسییەکان  بە تایبەت ترامپ سەرانی حیزبە ڕاستڕەو و ڕایسستەکانەوە بوو کە ئەوانیش بە مەبەستی تایبەتی ئەوانەیان بڵاو دەکردەوە .

گرتە ڤیدۆکان  وەکو خۆی ڕوون نەکراونەتەوە کە چی ڕوودەدات و هۆکاری رووداوەکان چین و بۆچی گەنجان لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپادا هاتوونەتە سەر شەقام و ڕاپەریون .  کە خودی ئەمە هاوبەشی زۆرێك لە گرفتەکانیانە نەك لاساییکردنەوە. گەنجان ئایندەیەکی ڕون لە بەردەمیاندا نییە ، گەنجانی پەنابەر و کۆچبەر و وەچەکانیان بە تایبەت موسڵمانان پەراوێز خراون و بارودۆخەکە کارایی خراپی خۆی زیاتر لەسەر ئەوان داناوە.

ئەوەی بووەتە هۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر هەم جیاوازە و هەم زیاتریش هاوبەشە.  لە فەڕەنسا، جموجۆڵەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا لە قوتابخانەکانەوە دەستی پێکرد، ئەوەش وەک بێئومێدییەک بەرامبەر بە فەشەلی درێژخایەن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک قەرەباڵغیی پۆلەکان، کەمیی مامۆستایان، و وێرانبوونی بینا و دامەزراوەکان . تا کاتی خۆپیشاندانە گەورەکەی ڕۆژی شەممە، کارمەندانی کەرتی گشتیش پەیوەست ببوون، و سکاڵا و داواکارییەکان فراوانتر بوون سەبارەت بە  گرانی بژێویی ژیانیان.

لە ئیساپانیا چەندەها ساڵە بزوتنەوەی خانووبەرە کە بزوتنەوەیەکی زۆر بەهێزە دامەزراوە. ئەوە بوو لەم چەند هەفتەی پێشووەدا بە تەواوی ئیسپانیای شڵەقاند و حکومەتیان ناچار کرد بە بانگهێشکردنی هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژی 29ی مانگی ئایندەدا .
لە بەلجیکا، لە لایەکی ترەوە، قوتابییان دژی بەرزکردنەوەی کرێ وەستاونەتەوە و داوای کاتژمێری زیاتری وانەوتنەوە دەکەن..  قوتابییانی یۆنان لەسەر گرانیی تێچووی نیشتەجێبوون و دەستڕاگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوون هاتوونەتە دەنگ، لە کاتێکدا قوتابییانی ئەڵمانیا دژی ئەگەری گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ خۆپیشاندانیان کردووە.

ئەگەر لە دەرەوەی ئەورووپای ڕۆژئاوا بڕوانیت، جیاوازییەکان زۆر زیاتر و ڕوونتر دەردەکەون.  لە ئەلبانیا، ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیی قوتابییان لەسەر بنەمای جموجۆڵێکی دژەحکومەتیی پێشووتر دروست بووە، کە ئێستاش بووەتە ڕاپەڕینێکی سەربەخۆی گەنجان.
لە سێربیا، قوتابییان ڕابەرایەتیی نزیکەی دوو ساڵ لە خۆپیشاندانی تا ڕادەیەک ئاشتییانەیان کردووە بەدوای کارەساتی وێستگەی شەمەندەفەری نوڤی ساد..  بزووتنەوەکەیان پەیوەست بووەوە بە داواکاری  کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، نەبوونی لێپرسینەوەی دامەزراوەیی و بێکردەوەیی سیاسی بێ بوونی ئایندەیەکی ڕوون..  لە ئێستاشدا  قوتابییان بە لیستی سەربەخۆی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەم کۆتایی هەفتەیەدا دەکەن. 

قوتابییانی ئیتالیا بەهەمان شێوە بە هەمان هۆکار و کەم یا زۆر ، هاتوونەتە سەر شەقام . بەڵام هاوکاتیش توێژاڵەکانی دیکەی کۆمەڵگەش بە هۆی ئەوەی کە گرانی پیداویستییەکانی ژیان کارایی زۆر نالەباری لەسەریان داناوە هاوپشتی قووتابییان دەکەن.
ئێستائەوە نزیکەی 10 ڕۆژە لە باشووری ئیتالیا شۆفێرانی بارهەڵگرەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و ڕێگاکانیان داخستووە و پێداویستییەکانی ژیان لە مارکێتەکاندا کەمبوونەتەوە.  هاوکاتیش ٧١ کەسیان ڕادەستکراون دەدرێن بە دەسەڵاتدارانی دادوەری و ٢٤٢ کەسیش غەرامە کراون بەهۆی داخستنی ڕێگاکانەوە .  ئەمەش چالاکی راستەوخۆیە بە گوێرەی یاسای ئیتالیا ئەو چالاکیانە قەدەخەن. هاوکاتیش بەرپرسێکی حکومی هۆشداری دایە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان کە ڕێگریکردن لە ڕێگا سەرەکییە گشتیەکان دەتوانێت سزای زیندانیکردنی بەسەردا بێت.

لە لایەکی دیکەوە لە سەرانسەری ئەوروپادا کڕینی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت و و بێتوانایی کڕیاران و کرێچییان  نیشان دەدات. خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ژێر فشاردان، و پرۆسەی تێپەڕبوون بەرەو دامەزراندن و کارکردنی پارێزراو نادیار و ناڕوونە.
 ڕاپۆرتی ئیورۆستات (Eurostat) هەندێك ئاماری خستۆتە بەرچاو  کە نرخەکانی خانووبەرە لە یەکێتیی ئەورووپا لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ و چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی %55.4 و کرێی خانووەکان بە ڕێژەی %26.7 بەرز بوونەتەوە. توێژینەوەی گەنجانی دامەزراوەی توی (TUI Foundation Youth Study) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەرخەری ئەوە بووە کە %٥٢ لە گەنجانی تەمەن ١٦ بۆ ٢٦ ساڵ لە حەوت وڵاتی ئەورووپیدا پێشبینی دەکەن دۆخیی ژیانیان  لە دایک و باوکیان خراپتر بێت، ئەمەش لە بەرامبەر  بە %٢٥ کە پێشبینی دەکەن دۆخی ژیانیان  لە باوکو دایکیان باشتر بێت.

بێکاریی گەنجان لە ناوچەی یۆرۆدا بە شێوازێکی بەرچاو بەرزتر دەمێنێتەوە لە بێکاریی گشتی. توێژینەوەیەک لەسەر کۆمپانیا فەڕەنسییەکان ئەوەی دەرخستووە کە دابەزینێکی خێراتر  لە دامەزراندنی دائیمیدا لە نێوان کرێکارانی تەمەن ٢١ بۆ ٢٩ ساڵدا ڕوویداوە لەو پیشە و کارانەی کە بەرکەوتن و کاریگەرییان بە دەستکردی زیرەک (AI) هەیە گەر چی بانکی ناوەندیی ئەورووپی هۆشداری دەدات کە بەڵگەکان نیشانی دەدات کە  هێشتا ناتوانن ئەو هۆکارە دیاری بکەن.  بەڵام خودی ئەم نادیارییە دەتوانێت هەستێکی هاوبەش بە نەبوونی ئارامی لە سەرتاسەری سنووری نەتەوەیییەکاندا دروست بکات.
ئەمانەی سەرەوە بڕێکن لەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ڕژانە سەرشەقامی خەڵکی ، کە چی تر گەنجان هیوایان بە ئایندەیان نییە باقی خەڵکانی دیکەش دەیانەوێت ڕێگرییەك بکەن لە ئایندەی  خراپبوونی بارودۆخی ئابوورییان .


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی