هەر موچە نا.. قومارتان بە هەموو شتێك كردووە

13/05/2019

فەرمان سادق


لە دوایین رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا لە پرسە دارایی و سیاسییەكەیدا، جێگیركردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنیشن و پێشمەرگە بوو لەسەر بەشی سەروەری لە بودجەی گشتی 2019ی عێراق، بەو پێیەی لە بودجەی كوردستان بەرانبەر بە 250 هەزار بەرمیل جیاكراوەتەوە. تا ئێرە هەنگاوێكی باشە، بەڵام وروژاندن و بەستنەوەی موچەی فەرمانبەران بە 250 هەزار بەرمیلەكە لەلایەن زۆرینەی لایەنە سیاسییە شیعەو سوننەكان، هەروا لە خۆڕا نیە، ئەگەر بە دیوێك گوشار بێت بۆ سەر عەبدولمەهدی و وروژاندنی شەقامی توڕە، ئەوا بە دیوێكی تر ئامادەسازییە بۆ بودجەی 2020.

جارێ ئەو رێككەوتنەكەی كە كراوە هیچ گەرەنتییەك نیە ساڵی داهاتوو وەك خۆی بمێنێتەوە، بۆیە رێككەوتنەكە لە دۆخێكی سیاسی و ئەمنی و ئابووری زۆر ئاڵۆزو نا سەقامگیر بوو چ لە ئاستی ناوخۆی عێراق و چ لە ئاستی بارگرژییەكانی نێوان ئەمەریكاو ئێران كە عێراق كراوە بە گۆڕەپانی یاریەكە، چ لە ئاستی ململانێ هەرێمایەتییەكان بێت.
عادل عەبدولمەهدی بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری كورد وەك هێزێكی كاریگەر لە پەرتەوازەی ناوماڵی شیعەو سوننە ئەو هەنگاوەی هەڵگرتووە، بەڵام بەرانبەر بەمە وەرگرتنەوەی داهاتی سەرجەمی گومرەكانی بەسەر هەرێم فەڕز كرد، بە فەرمانبەرانی كوردستانیشی گوت ئیتر بێمنەت بن موچەكانتان لە بەغدایە نەك ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیر، ئەو تەنیا موچەكە دابەش دەكات!

كێشەكە لە كوێیە؟
هەموومان ئەو قسەیەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراقمان لە بیرە كە بە سەرانی پارتی و یەكێتی وتبوو واز لە دەرهێنانی نەوت بهێنن، ئەو نەوتە بۆ نەوەكانی داهاتووتان هەڵگرن و وا لە بەغداوە 17%ی بودجە وەردەگرن و هیچ كێشەیەكتان نیە، بەڵام ئەوانەی ئێرە، ئەوەیان نەكرد. كاتێك نەوتیان دەرهێناو بە بازاڕیان كرد، بەغدا داوای كرد بەرانبەر بە 17%ی پشكی كوردستان 250 هەزار بەرمیل بدە، نەیدا، مالیكیش بەرانبەر بە ملنەدانی حكومەتی هەرێم بڕیاری بڕینی بودجەی 2014ی دا.
كە حەیدەر عەبادی بوو بە سەرۆك وەزیران، دەستپێشخەری تازەی كردو رێككەوتن دیسان كرا بەرانبەر بە 250 هەزار بەرمیل بودجە رەوان بكەن، بەڵام دیسان حكومەتی هەرێمی كوردستان ملی نەداو دەیویست بەغدا پارەكە بنێرێت و ئەویش نەوتەكە نەدات. مالیكی پێشتر رێی بۆ عەبادی و هەموو عەبادییەكانی بەغدا خۆش كرد كە كورد چیتر ئەو ژمارە قورسە نیەو دەكرێت بودجەكەی ببڕیت و ناچار بە دانوستاندن و سازش كردنی بكەی.

عەبادی ئەزموونی مالیكی هەبوو، ئەوانەی ئێرەش قەپۆزیان گەیشتبووە كەشكەڵانی فەلەك و دەهۆڵی ئابووری سەربەخۆیان دەكوتی، ئیتر دوای پێنج مانگ لە مشتومڕ، هەرێمی كوردستان پشتی لە بەغدا كردو بەرەو ئابووری سەربەخۆ هەنگاوی هەڵگرت.
ئیتر بەهایەك بۆ رێككەوتنەكە نەمایەوە، ئەنجامی ئابووری سەربەخۆو بوغدا موفلیسەیشمان بینی كە چۆن بەرپرسانی كوردستان قوماریان بە چارەی خەڵكی كوردستان كرد، خۆیان تا دێن لەسەر حیسابی بەرژەوەندی و داهاتی خەڵك دەوڵەمەندتر دەبن، بەڵام نەیانتوانی موچەی فەرمانبەرانیش بدەن.

ئیدی مایەوە دەست بە كڕوزانەوەو دەست پان كردن بكەن بۆ وەرگرتنی قەرز بەرانبەر بە نەوتێك كە هێشتا رۆشنایی نەدیوە! تەبعەن لەوەها رێككەوتنێك بەهای بەرمیلێك نەوت رەنگە لە خوار یەك لەسەر چواری نرخەكەی بێت، بۆ نا؟ ئەوەشت لە بیر بێت ئەوكات نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان لە خوار 50 دۆلار بوو، نەوتی وڵاتان دەڵێم نەك هی كوردستان كە لە باشترین كاتدا نزیكەی 15 دۆلار لە نرخی جیهانی كەمتر دەفرۆشرێت!

لە سیاسەتی ئابووریی نێودەوڵەتیدا كەمن ئەو وڵاتانەی قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی وەرگرن و بتوانن دواتر رزگاریان بێت! مالیزیا و توركیا دوو لەو وڵاتانەن كە رزگاریان بووە، بەڵام ئەوان خاوەن بەرنامەو پلانن. بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ژەهرت بۆ هەنگوین رەنگ كردبا، بۆی هەڵدەپەڕین. لە دونیادا نمونەیەكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستانم نەدیوە رۆژانە سەرووی 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕ بكات، كەچی قەرزاریش بێت و نەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات!

ئیدی شكستی ئابووری سەربەخۆیان بە ملی حەیدەر عەبادی هێنا كە پابەندی گرێبەستەكە نەبووە، روبعە موچەیان داهێناو بە ملی یەكگرتووی ئیسلامیان هێنا، هەرچی شكستە كەسێك دەدۆزنەوە تا دەستی چەوریان پێ پاك بكەنەوە. ئەوانەم وەك قورماچیەك دێتە بەرچاو كە هەمیشە بۆ شكستەكانیان پاساویان هەیەو داوای دەرفەتی تر دەكەن!

ئێستە بەهۆی پێشهاتەكانی ناوچەكە دەرفەتێكی تر هاتووەتە پێش، ئەوەی بە خەیاڵی كەس نەدەهات عادل عەبدولمەهدی كردی، موچەو بودجەشت دەداتێ بەرانبەر بە 250 هەزار بەرمیل نەوت! كەوتە هۆكار چیە رازی نیت و پێیەوە پابەند نیت؟
چوار مانگە حكومەتی عێراق موچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە، حكومەتی نێچیرڤان بارزانی موچەی دوو مانگی داوە! ئەی دوو مانگەكەی تر؟ جگە لەمەش تا ئێستاش یەك بەرمیل نەوتی نەداوە بە سۆمۆ. ئەوەی لە هاوكێشەكە دەیبینین بێ هیچ شڕۆڤە كردنێك و هەموو خەڵكیش باش دەزانێت، پێمان دەڵێ حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە، ئەوەی زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە كە كەسێك نیە لەو حكومەتە روونكردنەوەیەك لەسەر ئەو پابەند نەبوونە بدات، ئایا پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی حكومەتە كە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت زۆرترین قەرزی سەر شانی حكومەت بداتەوە لەسەر حیسابی بەغدا، ئایا دەیەوێت رێكەوتنەكە تێك بچێت و تەگەرە بخاتە بەردەم حكومەتەكەی مەسرور بارزانی و دووچاری قەیرانی بكات.
ئەوەی بەلای هاوڵاتیان و فەرمانبەران گرنگە بەردەوامی دانە بە موچە، وەك پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا دەڵێن، موچە (ئەمساڵ) بەردەوام دەبێت، بەڵام ناڵێن (چوار) ساڵ! چونكە وەك رۆژی رووناك دیارە كە ئەوەی ئەمساڵ لە بودجە جێی كرایەوە بودجەی 2020 جێی ناكرێتەوە.

لە كۆتاییدا ئەگەر سەرنج بدەی لە رێككەتن لەگەڵ مالیكی و پاشان عەبادی پەشیمان بوونەوەو پابەند نەبوون، لەسەر ئەو هەڵوێستە شكست خواردوویەیان خەڵكی كوردستان باجێكی دا رەنگە تا دە ساڵی تریش كاریگەری ئەو باجەی لەسەر شان بمێنێت، بێ ئەوەی زەڕەیەك زیان بەوان گەیشت بێت. ئێستاش كە رێككەوتن كراوەو عادل عەبدولمەهدی لای پارتی و یەكێتی پیاوێكی شیرین و باشەو هەزار عەبادی بە قوربان دەكەن! ئەگەر پابەندی 250 هەزارەكە نەبن ئەویش بە دەردی عەبادی دەچێت و دەبێتە دوژمن و بڕینی قوتی فەرمانبەران! نەخێر، راستیەكە ئەوەیە ئەوە ئێوەن موچەی فەرمانبەراتان بڕی، روبعە موچەتان داهێناو تا ئێستاش هیچ بەڵگەیەكی یاسایی نیە كە ئەوەی بە ناوی پاشەكەوت لە فەرمانبەرانتان بڕیوە بیدەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی