لەبارەی سەرگەڕان و پەلکانە

14/05/2019

کاوە محەمەد

 

بەداخەوە ٸەمڕۆ جارێکی دیکە عەرەبە ھاوردە گەڕاوەکان, کێشەیان بۆ کوردانی گوندی (پەلکانە)ی سەر بە ناحیەی (سەرگەڕان) دروستکردەوە و گرژی لەناوچەکە کەوتەوە. ٸێمە وەک ٸەندامی ٸەنجومەنی نوێنەرانی عیراق, پێشتر بەشێوەی مەیدانی سەردانی ناوچەکەمان کردووە و پەرلەمانتارانی ھەموو فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەیەکەوە لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانمان لەخەڵکی رەسەنی ٸەو ناوچەیە بووین (تەنھا فراکسیۆنی پارتی نەبێت), ھەموو لەخەمی ٸەو خەڵکە غەدرلێکراوە و گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتیان لەخانوو و زەوییەکانیان بووین و رۆژانە (بە ٸێستاشەوە) لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی بەغدا لەسەر خەت بووین, تاکە یەک بەرپرسی بەرز و نزمی ھەرێم خۆیان لەو پرسە نەتەوەیی و یاساییە بەساحێب نەکرد, کەچی ٸێستا ھەندێ کەناڵی میدیایی دەیانەوێ وای دەربخەن کە ٸەوە (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتیـە لەھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدایە..

 

بەراستی سەیرە ٸەو (بارزانی)ە خۆی ھۆکاری سەرەکی کێشەکەیە کە تەنھا لەپێناوی ٸەوەی ببێتە (پاڵەوانی نەتەوەیی), لەگەڵ یەکێتی و ھەندێ لایەنی دیکە لەٸەیلولی ساڵی (٢٠١٧)دا بڕیاری سەرکێشانە و ناسیاسیانەی ریفراندۆمیان دا و دواتر لە (١٦ی ٸۆکتۆبەر)ی ھەمان ساڵدا نیوەی خاکی کوردستانیان پێشکەشی حکومەتی عیراق کرد و ٸیتر لەوساوە (راکان جبوری) پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت دەستیکرد بە ھەڵمەتی سەپاندنەوەی بڕیار و سیاسەتەکانی تەعریب, لەمەشیاندا ھەر ٸەو (بارزانی)ە رێگری سەرەکی بووە کە نەتوانراوە تا ٸێستا پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک ھەڵبژێردرێت.

 

ٸێستاش کە دەڵێن تەدەخولی کردووە و گوایە کێشەکەی چارەسەر کردووە, تەنھا دامرکاندنەوەیەکی کاتیی گرژییەکانە و ھیچی تر, ٸیتر ٸەو ھەموو چەواشەکارییە چیە ٸەو کەناڵە میدیاییانە دەیکەن, وەک ٸەوەی مادەی (١٤٠)ی جێبەجێ کردبێت کە (١٤) ساڵە لەبەر تەماعی پۆست و پارە, خەمێکی جدی لەو مادە دەستووریە و خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان نەخواردووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی